شارپرێس:
به‌ربه‌سته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شق، ئاسته‌نگ
بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیانی كورد دروستده‌كات‌و سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن،
"بێده‌نگیی پزیشكی دادوه‌ری؛ چه‌ندین پرسیار‌و ناڕونی له‌باره‌ی قوربانیانی ئه‌شره‌فییه‌و
شێخ مه‌قسود به‌دواى خۆیدا هێناوه"، پڕۆسه‌یه‌كی هه‌شت قۆناغیش، چۆنیه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی
ته‌رمی قوربانیانی ئه‌شره‌فیه‌و شێخ مه‌قسوده له‌حه‌له‌ب، هاوكات به‌ڵگه‌ی نوێ له‌سه‌ر
ناشتنی پێشوەختەی ته‌رمه‌كان، پێش ناسینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن كه‌سوكاریانه‌وه،
ئاشكراده‌بێت.
به‌گوێره‌ى ڕ‌اپۆرتێكى ماڵپەڕی عه‌فرین ناو،
ئاماژه به‌و ناخۆشی‌و ڕێکارە "ئاڵۆزانە" كراوه ڕوبەڕوی خەڵکی گەڕەکەکانی
شێخ مەقسودو ئەشرەفیە دەبنەوە لەشاری حەلەب، کاتێک هەوڵدەدەن تەرمی کەسوکاریان وەربگرنەوە
کە به‌هۆى په‌لاماره‌كانى مانگی ڕابردوی دەسەڵاتی شه‌رعه‌وه شه‌هیدبون.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بنەماڵەی قوربانییەکان
دەبێت بەهه‌شت قۆناغی کارگێڕیی‌و دادوەریی‌و ئەمنیدا تێپەڕن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان؛
لەپزیشکی دادوەرییەوە دەستپێدەکات بۆ بنکەکانی پۆلیس‌و ته‌لارى دادگا‌و دواتریش
دادوەری لێکۆڵینەوەكانى به‌شى 17و 18ى شاره‌كه‌و دواتریش نوسینگەی ناشتنی مردوان.
جه‌خت له‌وه‌شكراوه، زۆربەی تەرمەکان پێشئەوەی
بناسرێنەوە، لەلایەن لایەنە ده‌زگاكانى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رعه‌وه لە"گۆڕستانی
ئیسلامی نوێ" لەڕۆژهەڵاتی شارى حەلەب نێژراون، ئەمەش وایکردوە کەسوکاریان،
دوای ناسینەوەى ته‌رمه‌كان، ناچاربن گۆڕەکان هەڵبدەنەوە، لەنێو شه‌هیده‌كانیشدا
هاوڵاتیانی مەدەنی‌و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)یش بونیان هه‌یه".
لایەنە بەرپرسەکان‌و پزیشکی دادوەری حەلەب
ئامادەنین هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی تەرمەکان‌و هۆکاری کوژرانیان یان چۆنیەتی
گواستنەوەیان ئاشكرابكه‌ن، ئەمەش گومانی لای خەڵک دروستکردوە.
تائێستا ژمارەیەکی زۆر لەدانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە
كوردنشینه‌ى حه‌له‌ب (شێخ مەقسودو ئەشرەفیە) چارەنوسیان نادیارەو بێسەروشوێنن، ئەمەش
نیگەرانیی‌و ئازاری بنەماڵەکانیانی زیاترکردوە.
