شارپرێس:
زانیاریی نوێ له‌باره‌ى دیدارێکی نێوان ڕەغد کچی سەدام حسێن‌و ئەحمەد شه‌رع سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا لەدیمەشق ئاشکراده‌بێت، به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، کۆبونەوەکە له‌ژێر ناوى "کاتژمێری سفر" ئه‌نجامدراوه بۆ چالاککردنی شانه نوستوه‌كانى حزبى به‌عس‌و توندڕه‌وه‌كان لەناوخۆی عێراقدا.
سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ئاشكرایانكردوه، ڕۆژى 16ى مانگى ڕابردوو، ڕەغد سەدام حوسێن لەگەڵ ئەحمەد شەرع سه‌رۆكى سوریا لەدیمەشق كۆبوه‌ته‌وه‌و زیاتر لەدوو کاتژمێریشى خایاندوە.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه ئاشكرابوه، لەو كۆبونه‌وه‌یه‌دا دوو بازرگانی ئوردنی‌و حەوت ئەفسەری پێشوی سه‌رده‌مى سەدام حوسێن به‌شداربونه كه لەنێویاندا کەسایەتییەکی دیار‌و کەسایەتییەکی عەرەب کە وەک چاو‌دێر بەشدارییکردوە.
لایه‌نى سورییش، ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكى سوریا‌و ئەسعەد شەیبانی وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوریا‌و بەرپرسی هەواڵگری ئه‌و وڵاته‌ش له‌كۆبونه‌وه‌كه به‌شدارییان كردوه.
سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ئه‌وه‌یان ئاشكراكردوه، پلانى كۆبونه‌وه‌كه‌و ئامانجه‌كانى ناونراوه "كاتژمێرى سفر"و ئامانجەکانیشى بریتین لەهەوڵدان بۆ دامەزراندنی هێزێک بەناوی "سوپای ڕزگاریی عێراق" لەناو خاکی سوریا.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، مه‌به‌ستێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه، کارکردن ده‌بێت بۆ چالاککردنەوەی لایەنگرانی حزبی بەعس‌و شانه نوستوەکانى لەناوخۆی عێراق، بەتایبەت لەپارێزگای ئەنبار.
ماڵپه‌ڕى فۆكس پرێس ئاشكرایكردوه، ئامانج له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ى شه‌رع‌و كچه‌كه‌ى سه‌دام حوسێن، لێدانە لەپرۆسەی سیاسی ئێستای عێراق‌و دروستکردنی پشێوی ئەمنیی.
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هەواڵ، حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لەسوریا، بارەگای فەرمی داوەتە لایەنگرانی ڕەغد سەدام حوسێن‌و حزبی بەعس تا لەوێوە چالاکییەکانیان ئه‌نجامبده‌ن.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵه، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاندوە، چەندین کەسیان دەستگیرکردوە کە پەیوەندییان بەو پلانەوە هەبوە، لەوانە کەسانێکی نزیک لە "زاوای سەدام حوسێن" کە لەناوخۆی عێراق خەریکی خۆڕێكخستن بون.
هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو جوڵانە بەپاڵپشتی یان چاودێریی هەندێک دەزگای هەواڵگری ناوچەیی (وەک بەریتانیاو ئوردن) ئەنجامدەدرێت، هەرچەندە ئەمە زیاتر وەک تۆمەتی سیاسیی لەمیدیا نزیکەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و گروپە چەکدارەکان باسكراوه‌و تائێستا پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه.
هەواڵەکە باس لەهاوپەیمانییەکی نوێ دەکات لەنێوان نەیارانی سیاسیی عێراق لەدەرەوە به‌سه‌رۆكایه‌تى‌و سه‌رپه‌رشتى (ڕەغد سەدام)و ئەحمەد شەرع بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەعێراق.
زانیارییه‌كى مه‌ترسیدار له‌و هه‌واڵه‌دا هاتوه ده‌ڵێت، "پلانى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه بریتییە لەئامادەکردنی 11 هەزار چەکدار بۆ ئەوەی لەسوریاوە دزەبکەنە ناو عێراقەوە، ئه‌ویش لەڕێگەی لایەنی ئەمریکییەوە، بەوپێیەی ئیدارەی ئەمریکا پلانی هەیە درێژکراوەی داعش لەسوریاوە بەرەو باکوری عێراق دروستبکات‌و بگاتە سنوره‌كانى ئێران".
