شارپرێس:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایدهگهیهنێت، "ئێران سزای سێدارە وەک ئامرازێکی سیستەماتیکی فشارو چەوساندنەوە بەکاردێنێ"، دهشڵێت، "دەوڵەتی ئێران لەزیندانە جیاوازەکانی وڵاتدا لانی کەم 13 کەسی لەسێدارەداوە"، دهشڵێت، "بەگوێرەی ئامارهكانى ساڵی ڕابردوو ڕێژهى لهسێدارهدران له119% زیادیکردوە".
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بەزیندانەکانی (خورەم ئاباد، سنە، دەزفول، عەلی گودەرز، کرماشان، یاسوج، نەهاوەند، زاهیدان، هەمەدانو کەرەجی تاران)، ئەوکەسانەی لەسێدارەدراون، لەلایەن دادگاکانی دەوڵەتەوە بەتاوانی مادەی هۆشبەرو کوشتن تاوانبارکراون.
ڕێکخراوی هەرانا ناسنامەی 10 کەس لەو 13 کەسەی بڵاوکردەوە، هەوڵدەدات ناسنامەی سێ کەسەکەی دیکەش ئاشکرابکات.
هەرانا جهختدهكاتهوه، "سێدارە بوەتە بەشێک لەسیاسەتی سزادانی دەوڵەتی ئێرانو بەمدواییانەش زیادیکردوە".
بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوەکە، ئێران لەنێوان 1ى کانونی دوەمی 2025و لهگهڵ 1ى کانونی دوەمی 2026، لانی کەم دوو هەزارو 63 کەسی لەسێدارەداوە.
ئەم ژمارەیە بەگوێرەی ساڵی ڕابردوو 119% زیادیکردوە، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، سەرەڕای ئەمەش جهختدهكاتهوه، سێدارە لەئێران گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی 10 ساڵی دوایی.
کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکانیش لەڕاگەیاندراوی مانگی ڕابردویدا ڕایگهیاندبوو، ئێران لەسێدارەدان وەک "ئامرازی ترساندنو چەوساندنەوە" بەکاردەهێنێت، ئەم سیاسەتەش بەتایبەت لەسەر کەمەنەتەوە ئیتنیکیو کۆچبەران بەکاردێت.
ڕێکخراوەکان بانگەواز لەڕای گشتیی نێودهوڵهتى دەکەن بۆ وەستاندنی سزای لەسێدارەدان لەئێران هەنگاوی ڕونو کاریگەر بنێن.
