شارپرێس:
لەدوای ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لەگرانبونی نرخی كارەبا، وەزارەتی کارەبا ڕونكردنەوە دەدات و دەڵێت،" نرخی یەکەی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوەو بەرزبونەوەی بڕی پسوڵەکانیش بۆ درێژبونەوەی ماوەی خوێندنەوەی پێوەرەکان و زیادبونی بەکارهێنان لەوەرزی سەرمادا دەگەڕێتەوە".
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، حکومەت خەریکی دۆزینەوەی رێگایە بۆ سوککردنی بارگرانیی دارایی سەر شانی هاوڵاتیان.
وەزارەتی کارەبا هووڵاتیان دڵنیادەكاتەوە کە هیچ زیادکردنێک لەنرخی کارەبای ڕوناکیدا نەکراوەو ژێرخانی تەکنیکیی پێوەرە زیرەکەکان هیچ گرفتێکیان نییە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردوە، مانگی کانونی دوەم هەمیشە وەک وادەی زۆرترین خواست لەسەر وزە تۆمار کراوە، بەڵام ئەم زستانە بەهۆی نائاساییبونی سەرماو نزمبونەوەی پلەکانی گەرما، ئاستی بەکارهێنان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە.
لەڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت،" یەکێکی دیکە لەخاڵە سەرەکییەکانی ڕونکردنەوەکە تایبەت بوو بەکارەبای بەردەوام، کە تێیدا هاتوە ئەمساڵ یەکەمین زستانە زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین، ئەمەش کاریگەری هەبوە لەسەر بڕی بەکارهێنانی وزە.
سەبارەت بەپسولە نوێیەکان، وەزارەت ڕونی کردەوە، بەهۆی پڕۆسەی گواستنەوە لەسیستەمەکاندا، خوێندنەوەی پێوەرەکان ماوەیەکی درێژتری خایاندوە کە بەتێکڕا گەیشتوەتە 46 ڕۆژ، ئەمەش وای کردوە بڕی پارەکە لەپسوڵەکاندا زیاتر دەربکەوێت، هەرچەندە درێژیی ئەم خولە هیچ جیاوازییەکی لەتێچوی ڕۆژانەی کارەبای هاوبەشان دروست نەکردوە.
وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی بەدواداچون بۆ ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر هاووڵاتیان دەکات و هەوڵ دەدات لەڕێگەی پلانەکانەوە هاوسەنگی لەنێوان دابینکردنی خزمەتگوزاری و توانای دارایی هاوڵاتیاندا دروست بکات.
