شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی چارەنوسی دامەزراوە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی
خۆسەر ئاشکراکرد و دەڵێت، فەرمانبەران و بەڕێوەبەرە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەکو
خۆیان لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە و لانادرێن.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە وتارێکدا بۆ خەڵکی حەسەکە و
ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی رایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی
سوریا، بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر لە جێگەی خۆیاندا دەمێننەوە.
سەبارەت بە دەروازەی سنوری سێمالکا، مەزڵوم عەبدی باسی
لەوەکرد،" سێمالکا وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڕێوەبەر، فەرمانبەران و
ئاسایشەکەی وەکو خۆی دەمێنێتەوە، تەنها تیمێکی سەر بە حکومەتی سوریا لەدەروازەکە
جێگیر دەکرێن و ئەوان سەرپەرشتی هەندێک کاروبار دەکەن کە پەیوەستە بە دەوڵەتەوە،
وەکو پشکنینی پاسپۆرت".
مەزڵوم عەبدی شێوازی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەی ئاشکراکرد و وتی: "فیرقەیەک
کە لە سێ لیوا پێکدێت، لە هێزەکانی هەسەدە دروست دەکرێت، لیوایەک لە حەسەکە،
لیوایەک لە قامشلۆ و لیوایەکیش لە دێرک جێگیر دەکرێت."