شارپرێس:
بڕیاروایه، ئەمڕۆ وهفدێكى یەکێتیی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەردانی شاسوار عەبدولواحید بکاتو لەگەڵ نەوەی نوێ کۆببنەوە.
چاوەڕێدەکرێت وهفده باڵاکەی یەکێتیی كاتژمێر 11:30 خولهكى پێشنیوهڕۆى ئهمڕۆ سهردانى ئۆفیسی سەرەکی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگوندی ئەڵمانیو لەگەڵ نەوەی نوێ تاووتوێی بهشى دوهمى لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان بکەن.
سێ ڕۆژ بەر لەئێستا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، تائێستا تهنها لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ یەکێتیی هەیەو ڕێککەوتنی نوسراویان نەکردوە، شارپرێس زانیویهتى، ئهمڕۆ ڕێكهوتنه نوسراوهكهى نێوانیشیان واژۆ دهكرێت.
وهكو سهرۆكى جوڵانهوهكه ئاماژهى پێكردبوو، لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ یەکێتیی، بۆ هاوسەنگکردنەوەی باڵانسی سیاسییو بردنی یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمانو شەفافکردنی داهاتە.
ڕۆژى 17ى مانگى ڕابردوو، بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆکایەتی وهفدێكى باڵا سەردانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی کردو دواتر لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتیان، لێکتێگەیشتنیان کردوە کە فراکسیۆنەکانیان لەپەرلەمانی کوردستان یەکبخەنو یەکێتییو نەوەی نوێ پێکەوە 38 کورسی پەرلەمانیان هەیەو لەبەرامبەردا پارتی 39 کورسی هەیە.
ئهوكات سهرۆكى یهكێتیىو سهرۆكى جوڵانهوهى نهوهى نوێ-ش جهختیانكردهوه، دەیانەوێت هاوسەنگی هێز ڕێکبخەنەوە بەرامبەر پارتیو ناکرێت پارتی قۆرخی هەموو دەسەڵاتو پۆستە سیادییەکان بکات.
بهگوێرهى زانیارییەکانى شارپرێس، ئەو کۆبونەوەیە تەواوکاری قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی نێوانیانە، خاڵە هەرە جەوهەرییەکانیش بریتین لەبەرەی پەرلەمانیی كه یەکخستنی هەڵوێستو فراکسیۆنەکانی (یەکێتییو نەوەی نوێ) لەخولی نوێی پەرلەمانی کوردستان، کارتی گوشار، دروستکردنی هاوپهیمانییهكى نوێى پەرلەمانیی بەهێز کە بتوانێت ڕکابەری پارتی دیموکراتی کوردستان بکات لەکاتی ململانێ یاساییو سیاسییەکاندا، ههروهها یهكێكى دیكهش دابەشکردنی ڕۆڵەکانه كه هەماهەنگی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان دهبێت.
ئەم هاوپەیمانییە چەند پەیامێکی گرنگی تێدایە یهكێكیان بۆ پارتىو ئهو دیكهش بۆ شهقامه، بۆ پارتی، نیشاندانی ئەوەیه کە یەکێتیی چیتر بەتەنها نییەو دەتوانێت هاوپەیمانی لەدەرەوەی بازنە کلاسیکییەکان دروستبکات، بۆ شەقامیش، نەوەی نوێ دەیەوێت بیسەلمێنێت کە دەتوانێت لەڕێگەی نزیکبونەوە لەدەسەڵات، گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات، لەکاتێکدا یەکێتیی دەیەوێت شەرعییەتی جەماوەریی زیاتر بۆ هەنگاوەکانی وەربگرێت.
سەرەڕای گەشبینییەکان، ڕێککەوتنەكهى نێوان یهكێتیىو نهوهى نوێ ڕوبەڕوی چەند پرسیارێکی جدی دەبێتەوە، ئهوانیش تا چەند جەماوەری نەوەی نوێ (وەک هێزێکی ڕەخنەگر) قبوڵیدەکەن سەرۆکەکەیان لەگەڵ یەکێک لەهێزە دەسەڵاتدارەکان ڕێککەوتن بکات؟ ئایا ئەمە دەبێتە هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی درێژخایەن، یان تەنها تاکتیکێکە بۆ کاتی پێکهێنانی حکومەت؟.
سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای شاسوار عەبدولواحید، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لەململانێی سیاسیی لەکوردستان، ئەگەر ئەم یەکخستنەی فراکسیۆنهكانیان سەرکەوتوبێت، ئەوا پەرلەمانی داهاتوو، دەبێتە مەیدانی گەورەترین کێبڕکێی سیاسیی لەمێژوی هەرێمدا.