ململانێی زانیارییەکان.. ترەمپ‌و هەواڵگریی ئەمریکا لەسەر تواناکانی ئێران هاوڕانین

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو خاکی ئێران بەردەوامن‌و چڕوبونه‌ته‌وه‌، جیاوازیى‌و ناكۆكیه‌كى ڕون لەنێوان لێدوانە گەشبینەکانی دۆناڵد ترەمپ‌و هەڵسەنگاندنە وردەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا سەبارەت بەقەبارەی زیانەکانی ئێران سەرهەڵدەدات.


به‌گوێره‌ى نوێترین ڕاپۆرتی کەناڵی CNNى ئه‌مریكى، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئه‌و وڵاته‌ ئاماژە بەوەدەکەن، سەره‌ڕای پێنج هەفتە لەبۆردومانی چڕ، نزیکەی نیوەی (50٪)ی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی ئێران هێشتا بەسەلامەتی ماونەتەوە.

ئەم زانیارییانەش باس لەوەدەکەن، ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرو ڕێژەیەکی زۆری موشەکی بەرگریی کەناراوەکانە کە دەتوانن مەترسی بۆسەر کەشتیوانیی لەگەروی هورمز دروستبکەن.

لەبەرامبەردا، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی جیاواز پیشاندەدات، ترەمپ لەگوتارەکانی دواییدا ڕایگەیاندوە، تواناکانی ئێران بۆ هەڵدانی مووشەک و درۆن بە شێوەیەکی "بەرچاو" کەمبووەتەوە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی تێکشکێنراوە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان هۆکاری ئەم جیاوازییە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە:
بەکارهێنانی تونێلەکان: ئێران تۆڕێکی فراوانی لەئەشکەوت‌و تونێلە ژێرزەوییەکان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی چەکە ستراتیژییەکانی.
سەکۆ گەڕۆکەکان: بەکارهێنانی سەکۆی هەڵدانی گەڕۆک کارەکەی بۆ فڕۆکە جەنگییەکان قورسکردوە.
تەمومژی زیانەکان: زۆرێک لەو سەکۆیانەی کە باسدەکرێت ماون، ڕەنگە لەژێر داروپەردوی بۆردومانەکاندا مابن‌و لەئێستادا دەستیان پێڕانەگات، بەڵام لەڕوی تەکنیکییەوە تێکنەچون.

به‌گوێره‌ى ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتكۆم) تائێستا زیاتر لە 12هه‌زارو 300 ئامانج لەناو خاکی ئێران پێکراون، بەرپرسانی پێنتاگۆنیش دەڵێن، هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا بەڕێژەی 90٪ کەمیکردوە کە ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ لاوازبونی کاتیی تاران دەبینرێت.

شیکەرەوان پێیانوایە، ئەم ململانێیە نیشانەی ئەوەیە کە جەنگەکە ڕەنگە زۆر زیاتر لەوە بخایەنێت کە ترەمپ پێشبینیکردبوو (کە وتبوی لەدوو بۆ سێ هەفتەدا کۆتایی دێت)، چونکە توانای بەرگریی ژێرزەوی ئێران هێشتا وەک تەحەدایەکی گەورە لەبەردەم هێزە هێرشبەرەکاندا ماوەتەوە.

بەپەلە