ئێران چۆن فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمریکای خستە خوارەوە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەمید حەسەن جۆنی پسپۆڕى سەربازیی‌و ستراتیژیی ئاماژە ده‌كات، خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لەئاسمانی ئێراندا پرسیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بەو باڵادەستییە ئاسمانییە دەوروژێنێتەوە کە واشنتۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو.


ناوبراو لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری عەمید حەسەن جۆنی دەڵێت، "ئەم ڕوداوە دەریدەخات کە هەڵسەنگاندنە مەیدانییەکان بۆ لەناوبردنی تەواوەتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران وردنەبون‌و کەلێن لەو گریمانانەدا هەیە کە پێشتر داڕێژرابون".

جۆنی ڕونیدەکاتەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لەڕێگەی ڕادارو موشەکی پێشکەوتوەوە کاردەکات‌و هەرجۆرە کەمبەھاکردنێکی ئەم توانایانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی سوپرایزی چاوەڕواننەکراو لەگۆڕەپانی جەنگدا.

ئەو دەڵێت، "فڕۆکە سه‌ربازییەکە لەجۆری F-15 E بوە کە بەراورد بە F-35 قورسترەو بەهۆی گەورەیی شوێنەواری گەرمی‌و هەڵگرتنی تەقەمەنی قورسەوە، ئاسانتر لەلایەن ڕادارەکانەوە دەدۆزرێتەوە".

جۆنی دەڵێت، "ئەگەرچی ئەم فڕۆکەیە سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنی هەیە، بەڵام بۆ پێكانی ئامانجە هەستیارەکان ناچارە لەبەرزییەکی کەمدا بفرێت، ئەمەش دەیخاتە ناو مەودای سیستەمە بەرگرییەکانی وەک S-300 ی ڕوسی‌و خورداد 15و مەجیدی ئێرانی کە بەتیشکی ژێر سور کاردەکەن‌و بەبێ ڕاداریش دەتوانن ئامانجەکان بپێکن.

بەوتەی ناوبراو، خستنەخوارەوەی ئەم فڕۆکەیە تەنها ڕوداوێکی ته‌كتیكی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ستراتیژییە بۆ توانای ئێران لەبەرەنگاربونەوەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، ئەم دۆخەش ئەمریکای ناچارکردوە پەنا بۆ بەکارهێنانی بۆمبهاوێژی ستراتیژی B-52 ببات کە لەبەرزییەکی زۆرەوەو بەبێ نزیکبونەوە لەمەترسییە ڕاستەوخۆکان، هێرشە قورسەکان جێبەجێدەکات.

لەکۆتاییدا، عەمید حەسەن جۆنی جەختدەکاتەوە، داهاتوی ئۆپراسیۆنەکان بەندە بەکارایی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە؛ ئەگەر ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەکان، ئەوا ڕێسای  یارییەکە دەگۆڕێت.

بەپەلە