شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا غازێتا"ی ڕوسی، ئەمریکا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لەئەولەویەتەکانی خۆیدا بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران ئەنجامداوەو چیتر کردنەوەی گەروی هورمز لەپێشینەی کارەکانی ترهمپ نییە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ یاریدەدەرەکانی ئاماژەی بەوەکردوە، دەکرێت کۆتایی بەشەڕ بهێندرێت بەبێ کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە، چونکە پێداگریی لەسەر ئەو بابەتە دەبێتە هۆی درێژخایەنبونی شەڕ بۆ چەندین مانگی دیکە.
دەشڵێت، "واشنتۆن ئێستا زیاتر سەرنجدەخاتەسەر لاوازکردنی هێزی دەریایی ئێرانو لەناوبردنی توانا موشەکییەکانی ئەو وڵاتە".
لەلایەکی دیکەشەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزماکس لە30ی مارس ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی ئێران لەنیوەی ڕێگه تێپەڕیونو ئامانجەکانیان پێکاوە، لەوانەش کوژرانی هەزاران ئەندامی سوپای پاسداران.
ئەوەش هاتوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵای ئیسرائیلیش بۆ ڕۆژنامەی مەعاریف ئاشکرایکردوە، تەلئەبیب هەوڵدەدات دوای شەڕەکە توانای بەرپەرچدانەوەی خۆی لەڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەهێز بکات.
بەوتەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل پێیوایە، سەرکەوتن بەسەر ئێراندا وەک شکستێکی گەورەی ئابورییو سەربازیی بۆ تاران دەردەکەوێتو دەبێتە هۆی نزیکبونەوەی وڵاتانی ناوچەکە لەئیسرائیل.
لەکۆتاییدا دەڵێت، "پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کە ئایا وڵاتانی عەرەبی ئارەزوی جۆرە هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە دەکەن؟ بەتایبەت کە ئەوان بەشداریی بڕیاری دەستپێکردنی شەڕ نەبونو بونەتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئێران، وەک چۆن سعودیە لەهەفتەکانی ڕابردودا زیاتر گرنگی بەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاو میسرو پاکستان داوە".
