شارپرێس:
لەکاتی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا دژ بەسەرکردە باڵاکانی ئێران، گۆڕانکاریی گەورە لەشێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەتاران بەدیدەکرێت، ئەم دۆخە نوێیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی سەربازیی توندتر هەنگاو دەنێت.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ى ئهمریكى کە پشتی بەسەرچاوە ڕۆژئاواییەکان بەستوە، نەمانی ژمارەیەکى زۆر لەفەرماندەو کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئێران، بوەتە هۆكارى دروستبونی دۆخێکی نادیار لەناوخۆی دەزگا سیاسییو سەربازییەکاندا، ستراتیژیی ئێستای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا-ش، لەسەر بنەمای زیادکردنی فشارەکانە بۆ ناچارکردنی تاران تا بێتەسەر مێزی گفتوگۆو ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆبکات، کە ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تەسلیمکردنی ڕژێمەکە دەبینرێت.
بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی واشنتۆن بۆ دەرکەوتنی لایەنێکی میانڕەو، واقیعی ناوخۆی ئێران ئاماژە بەپێچەوانەکەی دەکات، دوای نەمانی ژمارەیەک لەبەرپرسە سیاسییە باڵاکان، ئێستا جڵەوی دەسەڵات کەوتوەتە دەست نەوەیەک کە بەنەوەی شەڕ ناسراون؛ ئەو فەرماندەو بەرپرسانەی لەکاتی شەڕی هەشتاکانی نێوان عێراقو ئێراندا پێگەیشتون، ئەم نەوەیە بڕوایەکی تەواویان بەخۆڕاگریی هەیەو هەر جۆرە پاشەکشەیەک بەرامبەر واشنتۆن وەک مەترسی بۆسەر مانەوەی وڵاتەکەیان لێکدەدەنەوە، هەر بۆیە زیاتر پەنا بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی دەبەن.
شارەزایان هۆشداریدەدەن، ئەمجۆرە فشارە توندانە، لەبری دروستکردنی کەلێن لەناو دەسەڵاتی ئێراندا، دەبێتە هۆی یەکگرتنی لایەنە سیاسییو سەربازییەکان لەدەوری ئامانجێکی هاوبەش کە ئەویش پاراستنی سەقامگیریی سیستەمەکەیە، لەئێستادا تاران زیاتر ڕەنگێکی سەربازیی وەرگرتوەو بەرپرسەکان کەمتر لەشوێنە گشتییەکاندا دەردەکەون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی درێژخایەن ئامادەدەکات.
ئەمریکا گرەو لەسەر ماندوکردنی ئێران لەڕێگەی فشارە بەردەوامەکانی دەکات، بەڵام تاران بەتوندترکردنی شێوازی دەسەڵاتەکەی وەڵامدەداتەوە، ئەم ململانێیە ناوچەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر، یان گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ناچاریی، یان تەقینەوەیەکی گەورەتر لەئاستی ناوچەکەدا.
