جۆن کیری: ترەمپ شکستیهێنا لەپاراستنی ئەمریکاو جیهانی توشى جه‌نگێكى وێرانكه‌ر كرد

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان بەدەست لێکەوتە قورسەکانی پێکدادانە سەربازییەکانی ئەمدواییەی نێوان واشنتۆن‌و تارانەوە دەناڵێنێت، جۆن کیری وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئەمریکا، هێرشێکی توند دەکاتەسەر دۆناڵد ترەمپ‌و بەبەرپرسیاری یەکەمی ئەو کارەساتە دەیناسێنێت کە یەخەی ناوچەکەو جیهانی گرتوە.


کیری لەنوێترین دەرکەوتنیدا لەبەرنامەی (The Late Show)، بەزمانێکی توندو ڕەخنەگرانە وتی، "ئەم جەنگە نەک هەر مەترسیدار بوو، بەڵکو بەهیچ شێوەیەک پێویست نەبوو بەرپا بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ بەهەڵگیرساندنی ئەم ئاگرە، گەورەترین شکستی لەجێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکییەکانی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئه‌مریكا تۆمارکردوە کە ئەویش پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیرییە.

بەبڕوای جۆن کیری، "ترەمپ کەوتوەتە ناو تەڵەیەکەوە کە سەرۆکەکانی پێش خۆی (بوش، ئۆباماو بایدن) بەوریاییەوە لێی دورکەوتبونەوە، ئەوەی ترەمپ ئەنجامیدا، تەنها بەدیهێنانی خەونە کۆنەکانی بنیامین ناتانیاهۆ-ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل بوو بۆ لێدانی ئێران، نەک پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا".

وه‌كو كیرى باسیكرد، "ئەم گرژییانە تەنها لەسنوری سەربازیدا نه‌ماونه‌ته‌وه‌، داخستنی گەروی هورمزو هەڕەشە لەسەر هێڵەکانی وزە، ئابوریی جیهانی خستوەتە لێواری داڕمان، بۆیه‌ هوشداریده‌ده‌م، هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ لەناوبردنی شارستانیەتێکی تەواو، نەک هەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو ناوبانگی ئەمریکاشی لەجیهاندا وێرانکردوە".

ئەم لێدوانانەی کیری لەکاتێکدایە کە وڵاتانی جیهان بەپەلە خەریکی نێوەندگیرین بۆ ڕێگریکردن لەگەورەتربونی جەنگەکەو چاودێرانیش دەپرسن، ئایا ئەمریکا دەتوانێت لەم قەیرانە دەربازبێت، یان وەک کیری دەڵێت، "مێژوو ترەمپ وەک سەرۆکێک دەناسێنێت کە وڵاتەکەی بەرەو هەڵدێر بردوە؟".

بەپەلە