د.ئەشواق جاف: خەڵک چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتە نەک شەڕی میدیایی

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان زانیاریى ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ماوەیەكی زۆرە خەڵك دەنگیداوەو چاوه‌ڕوانن حكومەت پێبكهێنرێت"، ده‌شڵێت، "پێشنیازده‌كه‌م هەردولا دابنیشن‌و پێكەوە گرفتەكان چارەسەربكەن‌و یەكلایی بكەنەوە، ئه‌گه‌رنا هه‌ڵبژاردن دوباره‌ ده‌كرێته‌وه‌".


د.ئەشواق جاف ئەندامی كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى كه‌ هاوكات په‌رله‌مانتارى عێراقیشه‌، لەلێدوانێكی تایبەتدا بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "كۆبونەوەیەك لەلایەن مەكتەبى سیاسی هەردوو حزب (پارتی‌و یەكێتیی) ئەنجامدراو گلەییەكانیان ئاڕاستەی یەكتركردو لەڕێگەی لیژنەیەكى هونەرییەوە چارەسەركران".

ئه‌وه‌شى وت، "یەكێتیی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی دواخست، چونكه‌ ئه‌وكات برایانی یەكێتیی پێیانباشبوو پپێكهێنانی كابینەكە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

جەختیشدەكاتەوە، "ماوەیەكی زۆرە خەڵك دەنگیداوەو چاوەڕوانن حكومەت پێبكهێنرێت، پێشنیازدەكه‌م هەردولا دابنیشن‌و پێكەوە گرفتەكان چارەسەربكەن‌و یەكلایی بكەنەوە، ئەگینا دەبێت هەڵبژاردن دوبارەبكرێتەوە".

به‌وته‌ى د. ئه‌شواق، "ناكرێت كاتێك ئەوەی دەتەوێت‌و بەدەستیناهێنیت، یان زیاتر لەحەقی خۆتت بوێت واته‌ زیاتر لەو به‌ركه‌وته‌یه‌ى به‌گوێره‌ى كورسى‌و بەژمارەی دەنگەكانت بێت، ئینجاش بچیت لەدوای ساڵێك‌و حەوت مانگ هاوپەیمانی ببەستیت‌و لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانێتیەوە بەدەستی هه‌وڵى ئه‌وه‌ بده‌یت كه‌ ده‌ته‌وێت، ئه‌وه‌ش لاى ئێمه‌ جێگەی تێڕامانە".

له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ شارپرێس، د. ئه‌شواق جاف وتى، "لەناو سیاسەتدا خاڵی ناكۆكیش هەبێت، ناكرێت بكرێتە هیلاكردنی دەرونی خەڵك، له‌هه‌موى ناخۆشتر ئه‌و شه‌ڕه‌ میدیاییه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌، من پێشنیازده‌كه‌م پەنا نەبرێتەبەر شەڕی میدیایی، بەڵكو پەنا بۆ مێزی گفتوگۆ ببرێت".