شارپرێس:
لەگەرمەی پەرەسەندنی بێپێشینەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکادا، دەستەی بەرگریی شارستانی لەکوبا ڕێبەرێکی خێزانی بەناونیشانی (پاراستن، خۆڕاگریی، مانەوەو سەرکەوتن) بڵاوکردەوە.
ئەو هەنگاوە بەفەرمیی وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی "دەستدرێژییەکی سەربازیی گریمانکراو" ڕاگەیەندراوە کە تێیدا ڕێنمایی تایبەت بەئامادەکردنی جانتای فریاگوزارییو ناسینەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمان لەخۆدەگرێت.
لەبەرامبەردا، پێگەی "Axios" لەزاری سەرچاوە هەواڵگرییە نهێنییەکانی ئەمریکاوە ئاشکرایکردوە کە کوبا لەئێستادا خاوەنی زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازییە (درۆن)، کە لەساڵی 2023وە لەلایەن ڕوسیاو ئێرانەوە بۆی دابینکراون.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، دامەزراوەی سەربازیی کوبا خەریکی تاووتوێکردنی سیناریۆکانی بەکارهێنانی ئەم درۆنانەیە دژ بەئامانجەکانی ئەمریکا، بەتایبەت بنکەی دەریایی گوانتانامۆو شارۆچکەی "Key West" لەفلۆریدا کە تەنها 90 میل لەهاڤاناوە دورە.
واشنتۆن نایشارێتەوە کە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هاڤاناو تارانو بونی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێرانی لەکوبا، بوهتە هۆی نیگەرانییەکی قووڵ.
زانیارییە هەواڵگرییەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، دەزگای ئەمنیی کوبا بەچڕیی سەرقاڵی خوێندنی "شێوازەکانی خۆڕاگریی ئێران دژ بەئەمریکا"یە.
ئەم مەترسییانە کاتێک زیاتربون کە واشنتۆن ڕایگەیاند، نزیکەی پێنج سەربازیی کوبی شانبەشانی هێزەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیادا بەشدارییانکردوە؛ ئەم سەربازانە لەبەرەکانی جەنگەوە ئەزمونی پراکتیکی شەڕی درۆنەکانو تاکتیکە ئێرانییەکانیان گواستوهتەوە بۆ ناوخۆی کوبا.
هەرچەندە ئەمریکا پێیوانییە کوبا توانای داخستنی گەروی فلۆریدای هەبێت هاوشێوەی ئەوەی ئێران لەگەروی هورمز دەیکات، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەوانە جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری CIA لەسەردانێکی پێشوەختەیدا بۆ هاڤانا، هۆشداری توندیانداوەتە سەرکردەکانی کوبا کە چیدیکە ڕێگەنادەن وڵاتەکەیان ببێتە سەکۆیەک بۆ هێزە دژبەرەکانی ئەمریکا لەنیوەگۆی ڕۆژئاوادا.
