شارپرێس:
حەشدی شەعبی لەڕونكردنەوەیەكدا لەبارەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشوی سەرۆکی دەستەکەو کەسێک بڵاودەکاتەوە کە لەکاتی شەڕی داعش کراوەو دەبێتە دەمەقاڵێیان.
دەستەی حەشدی شەعبی لەڕونكردنەوەیەكدا، لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە پێشتر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوەوەو تێیدا ئەبوو مەهدی موهەندیس لەگەڵ کەسێک قسە دەکات کە ناوی قاسمە.
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، هەندێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەبوو مەهدی موهەندیس-یان بڵاوکردوەتەوە، کە تێیدا قسە لەگەڵ کەسێک دەکات بەناوی قاسم، لەبارەی کاری شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی.
ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە کەسی بەرامبەر قاسم عەتا، بەربژێری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بوە. بەڵام بەوتەی حەشدی شەعبی، ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکات ئەو نییەو کەسێکی دیکەیە کە هەمان ناوی هەیە.
لەگرتە ڤیدیۆییەکەدا کە بۆ کاتی شەڕی داعش دەگەڕێتەوە، ئەبو مەهدی موهەندیس بەتەلەفۆن گلەیی لەو کەسە دەکات لەبارەی بڵاونەکردنەوەی هەواڵی چالاکییەکانی حەشدی شەعبی لەو جەنگەدا لەرێگەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی.
دەستەی حەشدی شەعبی ئەوەشی خستوەتەڕوو، كەفەریق قاسم عەتا ئەو کاتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای هەواڵگری بوەو هیچ پەیوەندییەکی بەشانەی راگەیاندنی جەنگی ئەو کاتە نەبوە.
قاسم عەتا بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەحکومەتی نوێدا، بەڵام لەکۆبونەوەی متمانەدان بەحکومەت لە 14ی ئایار، دەنگدان بەو بەربژێرە کێشەی تێکەوت و دواخرا.
