شارپرێس:
وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران هەنگاوی گەورەی بڕیوەو ئاشكراشیدەكات، كەتا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار موچەخۆری حکومی کارتی بانکییان لەرێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتوە.
وەزارەتی دارایی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، تا ئێستا هەژماری بانکی بۆ زیاتر لە 900 هەزار موچەخۆر دروستکراوەو دەشڵێت، هاوڵاتیان و موچەخۆران لەرێگەی نامەوە ڕاستەوخۆ ئاگاداردەکرێنەوە لەقۆناغەکانی تۆمارکردن، کاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکی و کاتی دابەزینی موچەکانیان.
هەروەها ئەوەش ڕونكراوەتەوە، كە بانکە بەشداربوەکانی پڕۆژەکە تا ئێستا زیاتر لە 600 ئامێری راکێشانی پارەیان لەسەرتاسەری هەرێم داناوە، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ ڕاکێشانی موچە.
وەزارەت لەبارەی پلانەكانی حكومەتەوە، دەڵێت، بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتاییهاتنی تەواوەتی پڕۆژەکە، ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) بگەیەنێتە 1200 ئەی تی ئێم ئەم هەنگاوەش بەتەواوی هاوتایە لەگەڵ رێسا و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.