میدڵ ئێست ئای: لەژێر سایەی "پیاوی ئەرکە قورسەکان" چی چاوەڕێی گروپە چەکدارییە عێراقییەکان دەکات؟

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی میدڵ ئێست مۆنیتەر ئاشکرای کردووە کە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە عێراق گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات بە کردەیی کۆتایی هاتووە و بووەتە سیاسەتی جەمسەربەندی.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تۆم باراک کە بە پیاوی ئەرکە قورس و سەختەکان لە کۆشکی سپی دادەنرێت و کاریگەری لەسەر دۆناڵد ترەمپ هەیە، دۆسیەی عێراقی گرتۆتە دەست، ئەمەش گواستنەوەیەکی جۆرییە لە مامەڵەکردنی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، چونکە چیتر وەک هاوبەش سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک جەمسەرێک لە چوارچێوەی میحوەرە پەیوەستەکان بە ئێران و بەغدا و تەنانەت بەیرووتەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە باراک پەیڕەوی لە سیاسەتی نەرم ناکات و پاڵپشتی لکاندنی دۆسیەی عێراقی بە دۆسیەکانی ئێران، لوبنان و تورکیاوە کردووە.

هەروەک وتویەتی: دیاریکردنی ئەویش لەم پۆستەدا، نیشانەی ڕەزامەندی ئیدارەی ئەمریکایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق وەک بەشێک لە میحوەری ئێرانی، بەشێوەیەک واشنتۆن چیتر عێراق وەک هاوبەشێکی سیاسی نابینێت، بەڵکو وەک دۆسیەیەکی ئەمنیی تێکچوو سەیری دەکات، بۆیە شێوازی مامەڵەکردن لە دانوستانەوە گۆڕدراوە بۆ بنبڕکردنی تەواوەتی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەم گۆڕانکارییە بۆ گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕوون بۆتەوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی هەژموونیان بڕیارێکی دامەزراوەیی بەردەوامە نەک حەزی کەسی و گەیشتنی باراک ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا بڕیارەکان لەسەر بنەمای شکاندنی چەقبەستوویی ناوخۆیی دەدرێن نەک ڕازیکردنی لایەنە ناوخۆییەکان.

 لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەختی کردۆتەوە کە سەبر و تاقەتی واشنتۆن بەرامبەر هێزە دوو فاقییەکان و تاڵانکارانی دەوڵەت لە عێراقدا نەماوە، زمان و شێوازی داهاتووش دیپلۆماسی نابێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ، ڕوون و ڕەنگە ئازاربەخشیش بێت، بەمەش سەردەمی لێکگەیشتنی ناڕوون کۆتایی هاتووە و سەردەمی بڕیارە یەکلاکەرەوەکان دەستی پێکردووە.