سەرۆکی لەسەرکارلادراوی "جەهەپە": بیرمان لەدروستکردنی پارتێکی سیاسیی نوێ کردۆتەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی پارتی گەلی کۆماری (CHP)، رایگەیاند کە وەک پلانێکی جێگرەوە بۆ خراپترین سیناریۆکان، بیریان لە دروستکردنی پارتێکی سیاسیی نوێ کردۆتەوە.

 
ئۆزەل لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ پلانێکیان بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ نییە، بەڵام ئەم بیرۆکەیە وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیناریۆیەکی کارەساتبار یان نائاسایی گرنگە، وەک ئەوەی ڕێگری لە پارتەکەیان بکرێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.

ئۆزەل جەختی کردەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ هەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختە و ئەگەر لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا سازبکرێت، ئەو دەبێتە یەکەم دەنگدەر بۆ گۆڕینی سەرۆک کۆمار.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری دروستکردنی پارتی نوێ بە مانای جیابوونەوە لە CHP نایەت، بەڵکو تەنها پلانێکی جێگرەوەیە بۆ خراپترین ئەگەرەکان.

ناوبراو دووپاتی کردۆتەوە کە ئەوان لەژێر چەتری CHP دا بەردەوام دەبن لە خەباتی سیاسیی و پاراستنی پشتگیریی جەماوەری.

سەبارەت بە تۆمەتی بەرتیل و لادانی پارێزبەندیی پەرلەمانییەکەی، ئۆزەل وتویەتی کە هیچ ترسێکی شەخسی نییە، بەڵکو تەنها نیگەرانی داهاتووی دیموکراسیی و سیستمی سیاسیی تورکیایە.