شارپرێس:
ئەو ڕێککەوتنە گریمانکراوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ لەگەڵ ئێران ئاماژەی پێکرد، لەناو تاراندا ڕوبەڕوی ڕێگرییەکی سەرەکیی دەبێتەوە کە ئەویش ناڕەزایەتی بازنە ئەمنییو سەربازییە توندڕەوەکانی دەوروبەری سوپای پاسدارانە.
بهگوێرهى ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەزاری نێوەندگیرانی ئاگربەستی لەرزۆکی مانگی نیسان، ئەم بازنانە هێشتا ڕەزامەندییان لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی شەڕو کردنەوەی گەروی هورمز نەداوە، سەرەڕای پێشکەوتنی کەناڵە دیپلۆماسییە نەریتییەکە.
نێوەندگیرەکان دەڵێن، بەرپرسە ئەمنییەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر تۆخکردنەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئێرانو ڕێگریی لەسەر کەوتنی ئەمریکاو ئیسرائیلە، نەک کۆتاییهێنان بەجەنگەکە، ئەمەش پێداچونەوەکە ئاڵۆزدەکات، کە پێشتریش پێشکەوتنی هاوشێوەی پەکخستوە.
ئێستا نێوەندگیری جیاواز مامەڵە لەگەڵ کەناڵی دیپلۆماسییو کەناڵی سوپای پاسداران دەکەن، ئەمەش کەرتبونی بڕیاردان لەئێران نیشاندەدات.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵا، ڕێنمایی لەژەنەراڵە توندڕەوەکان وەردەگرێت، لەسەرویانەوە ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسدارانو عەلی عەبدوڵڵاهی فەرماندەی فەرماندەیی هاوبەش.
دەشڵێن، "دوای پشتیوانیی بازنەی ئەمنی، بابەتەکە پێویستی بەسازانە لەئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا لەنێوان ژەنەراڵەکانو سیاسییە مەدەنییەکان، ئەمەش مافی ڤیتۆ دەداتە سوپای پاسداران کە ڕێککەوتنەکە وەک مەترسیی بۆ سەر پێگەی خۆی دەبینێت".
ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بێمتمانەیی قووڵە بەرامبەر ترەمپ، بەتایبەت دوای ئەوەی لەکاتی دانوستانەکاندا دوجار هێرشیکردوە، جگە لەگۆڕانی لێدوانەکانی لەنێوان هەڕەشەو ڕاگەیاندنی "ڕێککەوتنێک نایاب".
عەلی عەبدوڵڵاهی یەکێک لەفەرماندەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاندوە، ئەمریکا لەلایەک باسی دانوستان دەکاتو لەلایەکیش بەفێڵبازیی ڕەفتار دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران-یش وتویهتى، "هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوەو ڕەشنوسەکە لەژێر پێداچونەوەدایە"، لەکاتێکدا ترەمپ هێرشی توندیکردەسەر سەرکردەکانی ئێرانو بەبێشەرەف وەسفیکردن، ئەمەش گومانی زیاتری لەسەر چارەنوسی ڕێککەوتنەکە دروستکرد.
