شارپرێس:
توێژینەوەیەکی پزیشکیی بەرفراوان کە زیاتر لەنۆ
ملیۆن کەسی پێگەیشتوی گرتوەتەوە ئاشکرایکردوە، نزیکەی سەرجەم حاڵەتە هێڵکارییە مەترسیدارەکانی
نەخۆشییەکانی دڵو دەمارەکان، بەهۆی چوار هۆکاری سەرەکییەوە ڕودەدەن کە مرۆڤ دەتوانێت
کۆنترۆڵیان بکات، ئەم هۆکارانەش بریتین لەبەرزبونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبونەوەی کۆلیستڕۆڵ،
بەرزبونەوەی شەکری خوێن، لەگەڵ کێشانی جگەرە لەئێستا یان لەڕابردودا.
بهگوێرهى ئەم توێژینەوەیەی کە لەگۆڤاری کۆلێژی
پزیشکیی دڵی ئەمریکی (American
College of Cardiology) بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتوە
کە کۆبونی ئەم هۆکارانە پێکەوە، بەشدارن لەدروستبونی 99٪ی حاڵەتەکانی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی
مێشکو پەککەوتنی دڵ کە لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوە.
پوختەی گرنگترین خاڵەکانی توێژینەوە پزیشکییەکە:
مەترسیدارترین هۆکار: بەرزبونەوەی پەستانی خوێن (زەخت) وەک کاریگەریترین
هۆکار دەستنیشانکراوە، چونکە لەلای زیاتر لە 93٪ی ئەوکەسانەی توشی ئەم جەڵتەو کێشە
تەندروستییانە بون لەئەمریکاو کۆریای باشور، بونی هەبوە.
گۆڕانکاریی لەتێگەیشتنی پزیشکی: دکتۆر فیلیپ گرینلاند توێژەری
سەرەکی لەم توێژینەوەیەدا ڕایگەیاندوە، توشبونی نەخۆش بەلانی کەمەوە بەیەکێک یان زیاتر
لەم چوار هۆکارە پێش ڕودانی جەڵتەکە، لەناو تەواوی حاڵەتەکاندا شتێکی حەتمیو دڵنیاکەرەوە
بوە.
خۆپاراستنی پێشوەختە: پزیشکان ئاماژە بەوەدەکەن، چاودێریکردنی
بەردەوامی فشاری خوێن، ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ، شەکری خوێنو وازهێنان لەجگەرەکێشان، دەبێتە
هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو.
شێوازی ژیانی تەندروست: توێژینەوەکە جەختدەکاتەوە، ئەنجامدانی
پشکنینی خولیی بەردەوام، پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی دروستو بەکارهێنانی دەرمانی
پێویست لەکاتی خۆیدا، باشترین چەکن بۆ ڕێگریکردن لەم نەخۆشییانە کە هۆکاری یەکەمی
مردنن لەجیهاندا.
