شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو ڕوداوی جیاوازی خنکان لەسنوری پارێزگاکە تۆمارکراون و تا ئێستاش گەڕان بەدوای تەرمەکاندا بەردەوامە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، تیمەکانی ژێرئاو (غەواسەکان) لەشوێنی هەردوو ڕوداوەکەن و گەڕانێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی تەرمی خنکاوەکان دەستیپێکردوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرگری شارستانی، ڕوداوی یەکەم هاوڵاتییەکی بەڕەگەز عەرەبە، لەسنوری کۆیە خنکاوە.
هەروەها ڕوداوی دوەمیش گەنجێکی کورد بەناوی (توانا نەجم مەجید)، کە پیشەی پێشمەرگەیە و خەڵکی گوندی خۆرانە، ئەویش لەڕوداوێکی جیاوازدا خنکاوە.
بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەش کردوە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە، تیمەکانیان لەئامادەباشی تەواودان و لەشوێنی ڕوداوەکانن بۆ ئەوەی لەزوترین کاتدا تەرمی هەردوو هاوڵاتییەکە لەئاوەکە دەربهێننەوە.