شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازیتا"ی روسیی لەراپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە ئەگەری هەیە ئەمریکا لەو بنکە سەربازییانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بکشێتەوە کە لە دوای 28ی شوباتەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی چڕی موشەکەکانی ئێران.
هەروەک، ڕۆژنامەی "میدڵ ئایست ئای" لەسەر زاری سەرچاوەکانییەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیدارەی ترەمپ خەریکی پێداچوونەوەیە بە بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا. بەپێی ئەم زانیارییانە، پێنتاگۆن دوای کۆتاییهاتنی گرژییەکان لەگەڵ تاران، قەبارەی هێزەکانی و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی خانەخوێ ڕێکدەخاتەوە.
ئەم بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ مەرجەکانی ئێران دەبینرێت.
لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوودا، ئێران هانی دراوسێکانی داوە کە پشت بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا نەبەستن و کێشە نێوخۆییەکانیان بێ دەستوەردانی دەرەکیی چارەسەر بکەن، بەشێوەیەک لە کۆتایی مانگی ئایاردا، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، جەختی کردەوە کە هێشتا وڵاتەکەی چاوەڕێی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە دامەزراوە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی ئیسلامی تەنیا لە ڕێگەی کاری هاوبەشی هەرێمییەوە دەتوانن بەسەر ئاستەنگەکانی جیهانی ئیسلامیدا زاڵ بن و سەقامگیریی دابین بکەن.
