شارپرێس:
لەکامیابییەکی هونەری و مێژووییدا، گروپی شانۆی هەوار، سەر بەشانۆی نەتەوەیی کورد، توانی چوار خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شەوانی ئوفیری شانۆی دیۆدراما لەشاری عومان بەدەستبهێنێت.
ئەم گروپە بەنوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەبەرهەمی دیۆدرامای «سەلمە» لەفێستیڤاڵەکەدا بەشداریکرد.
ئەم فێستیڤاڵە لەشاری سەڵاڵەی عومان بەڕێوەچوو و زیاتر لە 63 نمایش لەجیهانی عەرەبی و وڵاتانی جیاواز تێیدا بەشداربون.
دیۆدرامای «سەلمە» کە باس لەئازارەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو کۆچی زۆرەملێی خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات، توانیی لەکۆی شەش خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە، چوار خەڵات بۆ خۆی تۆمار بکات.
خەڵاتەکان بریتیبون لە:
• خەڵاتی باشترین نمایشی تەواو.
• خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ نەژاد نەجم.
• خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرتی فەڕەنسی.
پێشئەوەی ئەنجامی فێستیڤاڵەکە ڕاگەیەندرێت، گروپی شانۆی هەوار لەهەنگاوێکی مرۆڤانەدا نمایشی «سەلمە»ی پێشکەش بەڕوحی پاکی هونەرمەندو ڕۆژنامەنوسی کورد، هەڵکەوت عەزیز، کرد.
هەروەها ئەندامانی گروپ و ئامادەبوان خولەکێک بێدەنگیان بۆ ڕێزلێنان لەیادی ئەو هونەرمەندە کۆچکردوە ڕاگرت.
ئەم بەرهەمە بەپاڵپشتی فیدراسیۆنی جیهانی کورد ئەنجامدراوەو ستافی کارەکە پێکدێت لەدکتۆر دڵشاد مستەفا وەک نوسەر، نەژاد نەجم وەک دەرهێنەرو سینۆگراف، هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرت وەک ئەکتەر، دکتۆر منتهی تاریق وەک بەڕێوەبەری گروپ، بەرهەم یاسین وەک یاریدەدەری دەرهێنەرو عەلی ئاراس وەک بەڕێوەبەری بەرهەم و ڕاگەیاندن.
بردنەوەی ئەم چوار خەڵاتە لەیەکێک لەگرنگترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی شانۆ، بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ شانۆی کوردی و عێراقی دادەنرێت و دوبارە توانای هونەرمەندانی کورد لەئاستی نێودەوڵەتی دەسەلمێنێتەوە.