میدیای فەرمی ئێران پلانی پێشنیارکراوی قەتەر بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی پارەبلۆککراوەکانی ئێران ئاشکرادەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "میهر"، پێشنیارێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران خراوەتە ڕوو. قەبارەی سامانی سڕکراوی ئێران لە دەرەوە بە 24 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 
دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیارەکەی ئێرانی بۆ ئازادکردنی قۆناغ بە قۆناغی نیوەی ئەو پارانە ڕەتکردەوە، قەتەر پلانێکی جێگرەوەی پێشکەش کردووە کە کۆی گشتیی 12 ملیار دۆلار دەگرێتەوە.

ئەم پاکێجە پارە لە دوو بەش پێکدێت: یەکەم، ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە قەتەر، کە بەپێی ڕێککەوتنی 2023 دەبێت تەنیا بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکاربێت.

بەشی دووەم، پێشکەشکردنی 6 ملیار دۆلاری دیکەیە لە شێوەی هێڵی قەرز یان ئیئتمان کە لای لایەنی قەتەری دەمێنێتەوە و ئێران بوارەکانی خەرجکردنی دیاری دەکات.

ئەوەش هاتووە: لە سەردانی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ دەوحە، دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ کراون، بەڵام جێبەجێکردنیان بەستراوەتەوە بە ئەنجامی ڕێککەوتنی "ئیسلام ئاباد" لە نێوان تاران و واشنتۆن.

ئاژانسی میهر ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێستا 6 ملیار دۆلارەکە لە دوو بانکی قەتەریدا دانراوە، بەڵام ئێران ناتوانێت ڕاستەوخۆ ڕایبکێشێت.

هەر بۆیە تاران داوای وەرگرتنی قازانجی (سوود) ئەو پارانەی کردووە و لە ئێستادا لە ڕێگەی یاسایی و دیپلۆماسییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستھێنانی ڕێککەوتنەکان، زیانی دارایی زیاتری بەرنەکەوێت.