شارپرێس:
میدیاکانی ئیسرائیل پەردەیان لەسەر گرژییەکی ناوخۆییو قووڵ لادا لەنێوان تەلئەبیبو واشنتۆن، ئیسرائیل بەتوندی نائومێد بوە لەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەنێوان ئیدارەی ترەمپو تاراندا لەلێواری واژۆکردندایە، لەکاتێکدا لەڕوی میدیاییەوە خۆی لەڕەخنەگرتن لەسەرۆکی ئەمریکا دەپارێزێت، بەڵام لەپشت پەردەوە سوپاکەی ڕاسپاردوە بۆ هێرشێکی سەربەخۆو کتوپڕ بۆ سەر ئێران.
بۆ تاووتوێکردنی لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئەمریکی-ئێرانییە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا کۆبونەوەیەکی بەپەلەو نائاسایی لەگەڵ کابینێتی ئەمنیو سیاسیی بچوککراوە (ئەنجومەنێکی بڕیاردانی زۆر تایبەتو بچوککراوەیە لەناو حکومەتی ئیسرائیلداو پێکهاتوە لەسەرۆک وەزیرانو وهزیرانى بەرگریی، دەرەوە، ناوخۆ، دادو دارایی) لەئێوارەی ئەمڕۆدا سازبکات.
کابینێتی ئەمنیو سیاسیی بچوککراوە
بەرپرسانی باڵای تەلئەبیب هۆشداریدەدەن، ئەو ڕێککەوتنە چوارچێوەیە، هیچکام لەئامانجە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل ناپێکێت، بژاردەی سەربازیی دژی تاران لاوازدەکاتو دەستی ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا ئاوەڵا دەکاتەوە.
لەلێدوانێکی فەرمیدا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندوه، ئیدارەی ترەمپ بهگوێرهى بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا مامەڵە دەکات، بەڵام پەیامێکی توندی ئاڕاستەی هەمولایەک کردوهو وتویهتى، "پێویستە ئیسرائیل توانای خۆی بۆ کارکردنی سەربەخۆ بپارێزێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، منو سەرۆک وەزیران فەرمانمان بەسوپا کردوە کە تەواو ئامادەبێت بۆ ئەم سیناریۆیە".
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، تەلئەبیب هێرشەکانی بۆسەر لوبنان کەمکردوەتەوە تەنها بۆ ئەوەی وەک "ئاستەنگکاری ڕێککەوتنەکە" دەرنەکەوێت، ئهگهرچى ئهمڕۆ بهفهرمى هێرشكردنهوهسهر باشورى لوبنانى ڕاگهیاندوه.
سەرچاوە سەربازییەکان پشتڕاستیانکردەوە، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ وەستاندنی پێشڕەوییە زەمینییەکانی، بەڵام بەمەرجێکی توند ئهویش کشانەوە لەو ناوچانەی کە پێیان دەوترێت (ناوچەی زەرد) ناکرێتو سوپا لەوێ دەمێنێتەوە.
دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل بەتەواوی دابەشبوە؛ بستسائیل سمۆتریچ وەزیری داراییو یهكێك لهسهركرده توندڕهوهكانى ئیسرائیل، بەتوندی داوادەکات هێرشەکان بۆناو جەرگەی زاحییەی بەیروت بەردوامبێتو ڕانهگیرێت، لەبەرامبەردا، حزبوڵڵای لوبنانی بڕیاریداوە، لەمەیدانی جەنگدا ڕاستگۆیی بەڵێنەکانی ئاگربەست تاقیبکاتەوە، ئەمەش وایکردوە تەواوی ناوچەکە لەسەر بەرمیلێک باروت بێت.
