شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەمریكاو ئیسرائیل و دەڵێت، گەورەترین دەستکەوتی قۆناغی یەکەمی دانوستان، ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگە لەهەموو بەرەکانی شەڕداو جەختیش دەكاتەوە، كە هەر هێرشێك بۆ سەر لوبنان وەك پێشێلكردنی دانوستاندنەكان دەبینرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەرەی ئێران و لوبنان پێکەوە بەستراون، بۆیە کۆتاییهاتنی جەنگ بەشێوەیەکی بنبڕ بەرەی لوبنانیش دەگرێتەوەو هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە وەک پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکان دەبینرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا لایەنێکی سەرەکی ئەم لێکتێگەیشتننامەیەیە.
عەراقچی ئاشکرایکرد، دوای سێ مانگ لەگفتوگۆ، ڕۆژی هەینی خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسویسرا بۆ گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی دەستپێدەکات.
وتیشی،" بەهۆی هەندێک ئاڵۆزییەوە، دانوستانەکانیان بۆ دوو قۆناغ دابەش کردوە؛ قۆناغی یەکەم تایبەت بوە بەکۆتاییهێنان بەجەنگ، کێشەکانی گەروی هورمز، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و ئاوەدانکردنەوە، بڕیاریشە لەماوەی 60 رۆژی داهاتودا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بەردەوام بن.
سەبارەت بەزیانە ناوخۆییەکانی جەنگ، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 50 هەزار دۆسیەی زیانگەیشتن بە یەکەکانی نیشتەجێبوون تۆمارکراوە، حکومەتی ئەو وڵاتەش دەستی کردوە بەدابینکردنی هاوکاری بۆ کرێی خانوو و دابەشکردنی شارکارت بەبڕی 100 بۆ 400 ملیۆن تمەن، تاوەکو دەرفەتی نیشتەجێبونی کاتی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ خێزانە زیانلێکەوتوەکان فەراهەم ببێت.
