بۆچی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمریکا بەناوی "ئیسلام ئاباد"ەو لەجنێڤ واژۆ دەکرێت؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێورەسمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە شاری جنێفی سویسرا بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆ سەرەتاییەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ئەنجامدران و ڕێککەوتنەکەش بە "یاداشتی ئیسلام ئابات" دەناسرێت.

 
گواستنەوەی شوێنی واژۆکردنەکە بۆ ئەم شارە سویسرییە تەنیا پرۆتۆکۆلێکی سادە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسیی، ستراتیژیی و لۆجستیی گرنگ کە لەلایەن شارەزایان و بەرپرسانەوە تیشکیان خراوەتەسەر.

یەکێک لە سەرەکترین هۆکارەکان پێگەی مێژوویی جنێفە وەک پایتەختی بێلایەنیی لە جیهاندا، ئەمەش کەشێکی گونجاو بۆ هەردوو وڵات دابین دەکات کە دوور بێت لە زێدی لایەنەکان یان هاوپەیمانەکانیان. ئەم بێلایەنییە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەستیارییە ناوچەییەکان و ڕێگریکردن لەوەی واژۆکردنەکە لە قازانجی لایەنێکی دیاریکراو لێکبدرێتەوە.

 جگە لەوەش، جنێف خاوەنی یادەوەرییەکی دیپلۆماسیی دەوڵەمەندە لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا، بەتایبەت کە ڕێککەوتنی کاتی ساڵی 2013 لەم شارەدا واژۆکرا، ئەمەش هێمایەکە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە لە لۆژیکی سەربازییەوە بۆ لۆژیکی دیپلۆماسی.
لە ڕووی لۆجستیی و ئەمنییەوە، جنێف لە ئێستادا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ لایەنی ئەمریکی درووست دەکات، چونکە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی لووتکەی کۆمەڵەی حەوت لە ناوچەی ئێڤیانی فەڕەنسا کە زۆر نزیکە لە جنێفەوە. ئەم نزیکییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەگەری ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات جێگرەکەی جەی دی ڤانس وڵات بەجێبهێڵێت، ئەمەش پرەنسیپێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە بۆ پاراستنی بەردەوامیی سەرکردایەتی. 

هەروەها سویسرا وەک وڵاتێکی زۆر سەقامگیر و ئارام دەبینرێت لەچاو پاکستاندا کە جاروبار ڕووبەڕووی تەحەدیاتی ئەمنی دەبێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، سویسرا لە ساڵی 1980ـەوە بە فەرمیی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ئێران و وەک کەناڵێکی پەیوەندی هەمیشەیی و پشت پەردە کاری کردووە، بۆیە ئامادەبوونی لەم وێستگەیەدا گرنگییەکی هێمایی گەورەی هەیە.

 تاران لەم هەنگاوەدا هەوڵدەدات قورساییەکی نێودەوڵەتی بە ڕێککەوتنەکە ببەخشێت لە ڕێگەی بوونی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، بۆ ئەوەی پاشەکشەکردنی واژۆنتۆن لە داهاتوودا قورس بێت. 

هەرچەندە واژۆکردنەکە لە سویسرا دەبێت، بەڵام دەوری سەرەکیی پاکستان و نێوەندگیرەکانی وەک قەتەر و عومان پشتگوێ ناخرێت و تەنیا دابەشکارییەکی نوێ بۆ دەورەکان دەکرێت، بە شێوەیەک کە پاکستان دەبێتە خاوەنی ناوی سیاسیی ڕێککەوتنەکە و جنێفیش شەرعیەت و مۆری نێودەوڵەتیی پێدەبەخشێت.