ئۆباما هەڵویستی خۆی لەسەر ڕێککەوتنەکەی ئێران و ئەمریکا ڕاگەیاند

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، گومانی خۆی نیشان دا لە توانای ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبێت لەگەڵ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 سەردەمی خۆی.

 
 ئۆباما هەروەک جەختی کردۆتەوە کە چارەسەری دیپلۆماسیی هەمیشە کاریگەرترە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی.

ئەم لێدوانانەی ئۆباما لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆبین ڕۆبێرتس لە بەرنامەی "بەیانی باش ئەمریکا" لە ناوەندی سەرۆکایەتیی ئۆباما لە شیکاگۆ تۆمارکرا، ئەمەش تەنها یەک ڕۆژ پێش ئەوەی ترامپ بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران.

 ترامپ ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ئەمریکا.

ئەم هەنگاوە دوای هەشت ساڵ لە کشانەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 دێت کە پێی وابوو خراپترین ڕێککەوتنە.

ئۆباما ڕوونیشیکردۆتەوە کەبەدووری دەزانێت هەر ڕێککەوتنێکی نوێ کە ئیدارەی ترەمپ لەسەری ڕێکدەکەوێت باشتر بێت یان جیاوازییەکی گەورەی هەبێت لەوەی پێشوو کە بۆ ماوەیەکی درێژ سەرکەوتوو بوو، پێش کشانەوەی ئەمریکا لێی.

 لە کۆتاییدا ئۆباما هیوای خواستووە بۆردومانەکان بوەستن و مەدەنییەکان نەبنە قوربانی شەر، داواشی کردووە ڕێگای دیپلۆماسی بکرێتە پێشەنگ، چونکە هێز و گوشاری سەربازیی ناتوانن قەیرانە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکەن.