شارپرێس:
کۆماری ئیسلامیی
ئێران ستراتیژییەکی ئەمنیی نوێ جێبەجێدەکات، ڕژێم، چەکدارانی قاعیدەی لەسنوری
پاکستانەوە بۆ سنورهكانى خۆى گواستوەتەوە، سهرچاوهكانیش دهڵێن، ئامانجی ئەوکارە
لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی کوردە، باس لهوهشدهكرێت، تاران دەیەوێت شەڕی ناوخۆیی
لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبگیرسێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، گروپێكى چهكداریى سەلەفیی جیهادى
نوێی دامەزراندوە.
ئەو گروپه چەکدارە
خۆیان بە(نەوەکانی سەڵاحەدین) دەناسێننو سەرکردەکەشیان کەسێکە بەناوی (عەبدوڵڵا مەلا
عەلی)، ئەوان لەچهند گرتهیهكى ڤیدیۆییدا دهردهكهوێت كه ئاڵای کوردستان دەسوتێنن،
هەروەها حزبە کوردییەکان بەهاوکاری ئیسرائیل تۆمەتباردەکەن، وهكو ڕاپۆرتێكى (darkamazi) باسیكردوه، هەواڵگریی
ئەمریکا-یش پشتیوانی لۆجیستیی ئێران بۆ ئەو گروپە پشتڕاستدەکاتەوەو جهختدهكاتهوه،
تاران پەناگەی ئارامی بۆ سەرکردەکانی قاعیدە دابینکردوە.
ئهوهش بهبیرهێنراوهتهوه،
هەواڵگریی ئەمریکاو ڕاپۆرتەکانیان ئاشکرایانکردوە، ئێران چاودێریی تێپەڕبونی چەکدارانی
قاعیدە بۆ ناو سوریا دەکاتو پشتیوانی لۆجستیکیان لێدەکاتو پەناگەیەکی سەلامەتی بۆ
سەرکردە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دابینکردوەو لەماوەی ڕابردوشدا چەندینجار
ڕایگەیاندوە، بەشێک لەسەرکردەکانی قاعیدە لەئێران دەپارێزرێن.
زانیارییەکانى
ناو ئهو ڕاپۆرته دەریدەخەن، ئەو چەکدارانە لەناوچە هەستیارەکان جێگیرکراون وهكو
دەوروبەری شارەکانی (سەقز، مەهاباد، سەردەشت، بانەو سنە)، لهكاتێكدا ئەو ناوچانە
بنکەی سەرەکیی نەتەوەپەروەریی کوردنو ئامانجی گروپەکەش تیرۆرکردنی نیشتمانپەروەرانو
چاوترسێنکردنی خەڵکەو دەیانەوێت هێرشبکەنەسەر حزبەکانى ڕۆژههڵات لەهەرێمی
کوردستان.
چاودێرانی سیاسیو
شارەزایانی بارودۆخی ناوچەکە ئاماژه بهوهدهكهن، لەڕاستیدا ئەو گروپە بچوکە، بەڵام
ئێران بەهێزە میلیشیاکانی ژمارەیانی زیادکردوە، ئامانجی گروپەكهش تیرۆرکردنی خەڵکی
نیشتمانپەروەرە لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو بەمشێوەیەش دەیەوێت کە نەتەوەی
کورد چاوترسێن بکاتو لەلایەکی دیكهشهوه بەئامانجگرتنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەهەرێمی
کوردستان لەلایەن ئەو گروپەوە، بەرەیەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی خزمەت بەڕێژیمی ئێران
بکاتو لەڕێگهیەوە پەلاماری حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات.
لهبهشێكى دیكهى
ئهو ڕاپۆرتهدا ئاماژه بهوهشكراوه، مۆدێلێکی نوێی بەسیج لەشەقامەکانى ئێرانو
بهتایبهت شارهكانى ڕۆژههڵاتى كوردستاندا دەرکەوتوە، ئهوان جلوبەرگی کوردییان
پۆشیوەو لەژێر ناوی (پێشمەرگەی موسڵمان) ڕێپێوان دەکەن، ئەم جوڵانەوەیەش ڕاستەوخۆ دوای
ئاگربەستی ئێرانو ئیسرائیل دەستیپێکردوهو تاران جارێکی دیکە ئایین وەک چەک بەکاردەهێنێت.
چاودێران هۆشداریدەدەن،
ئەم دۆخە زۆر مەترسیدارەو ئەم پیلانەش هاوشێوەی حزبوڵڵای باکورە لەساڵانی 1990، بهپێویست
دهزانرێت لایەنە کوردییەکانى ڕۆژههڵاتى كوردستان، هەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەردەوام
وەربگرنو بێدەنگیش لەمکاتەدا، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پاشەڕۆژی بزافی نەتەوەیی.
