چی بەسەر جەستەدا دێت ئەگەر بەبەردەوامیی شووتی بخورێت؟

تەندروستی

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1330 جار خوێندراوه‌ته‌وه


‌شووتی یەکێکە لە میوە بەناوبانگەکانی هاوین، و زیادکردنی بۆ ژەمە خۆراکییەکانت سوودی تەندروستی زۆری هەیە، ئەمەش بەهۆی دەوڵەمەندی بە ئاو، ترشە ئامینییەکان، ڤیتامینەکان، و دژەئۆکسێنەری بەهێزی "لیکۆپین". ئەوەش گرنگترین سوودەکانییەتی:

 1 .  یارمەتیی شێدارکردنەوەی جەستە دەدات
نزیکەی 95%ی شووتی لە ئاو پێکهاتووە، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لە باشترین میوەکان بۆ پاراستنی شێداریی جەستە، نەرمکردنی جومگەکان، ڕێکخستنی پلەی گەرمیی، و ڕێگری لە وشکبوونەوە.

 2 .  دژەئۆکسێنەرەکان بەهێز دەکات
دەوڵەمەندە بە "لیکۆپین" کە دژەئۆکسێنەرێکە بەرهەڵستی ڕگە ئازادەکان دەکات. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لیکۆپین مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری 2، ئەڵزهایمەر، و هەندێک جۆری شێرپەنجە (وەک سنگ، سییەکان و پڕۆستات) کەمدەکاتەوە. شووتیی سوور لیکۆپینی زیاتری تێدایە بە بەراورد بە جۆرە زەرد یان پرتەقاڵییەکان.

 3 .  پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە و سووڕی خوێن باشتر دەکات
شووتی (بە تایبەت بەشە سپییەکەی نزیک توێکڵەکەی) ترشی ئامینی "L-citrulline"ی تێدایە، کە یارمەتیی خاوبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن و دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات، هەروەها گەیاندنی ئۆکسجین بۆ ماسولکەکان باشتر دەکات و ئاستی وەرشیی باشتر دەکات.

 4  .  پاڵپشتیی تەندرووستیی پێست دەکات
بەهۆی بوونی ڤیتامینەکانی A و C، تەندرووستیی پێست دەپارێزێت، و لیکۆپین یارمەتیی کەمکردنەوەی زیانەکانی تیشکی خۆر دەدات.

 5 . یارمەتیی کۆنتڕۆڵکردنی کێش دەدات
هەڵبژاردنێکی تەندروستە بۆ ئارەزووی خواردنی شیرینی. جێگرتنەوەی بە شیرینییە دەستکردەکان یارمەتیی دابەزاندنی کێش، کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ، و دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات.

 6 . ئازاری ماسولکەکان کەمدەکاتەوە
خواردنەوەی شەربەتی شووتی پێش ڕاکردن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان تا 72 کاتژمێر دوای وەرزشکردن.

 7 . پاڵپشتیی کۆئەندامی هەرس دەکات
بەهۆی بوونی ئاو و بڕێک فایبەر، تەندرووستیی ڕیخۆڵە دەپارێزێت. هەروەها ئاوێتەی "پریبایۆتیک"ی تێدایە کە خۆراك دەداتە بەکتريا سوودبەخشەکانی کۆڵۆن و هەرسکردن باشتر دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی