شارپرێس:
دواى هێرشە درۆنییەکان؛ شەپۆلێکی بەرفراوانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان ڕوی لەفڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کردوه، میدیاى عێراقیش لهوبارهیهوه زانیاریى زیاتر ئاشكرادهكات.
داتاکانی ناو فڕۆکەخانەکان ئاشکرایدەکەن، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا، 14 گەشتی ئاسمانی کە بڕیاربوو لەشارەکانی (ئەستەمبوڵ، عەممان، دوبەی، ئەنتاڵیاو دەوحە)وە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بێن، بەتەواوی هەڵوەشێنراونەتەوە، هاوکات لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لەسلێمانیش دوو گەشتی سەرەکى هێڵەکانی قەتەریو کۆمپانیای پیگاسۆس-ی تورکی کە لەدەوحەو ئەستەمبوڵەوە دەهاتن، ڕاگیراون.
ئەم شڵەژانە گەورەیەی هێڵە ئاسمانییە جیهانییەکان ڕاستەوخۆ دوای ئەوەهات، دەزگای دژەتیرۆری کوردستان (پارتى) ڕایگەیاند، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆكوژیان لەپارێزگای هەولێر خستوهتهخوارەوە، لەدوای ئەم ڕوداوەش، کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی قەتەر بەفەرمی ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانکارییە ئەمنییە خێراکانەوە، تەواوی گەشتەکانی بۆ هەولێر، کوهیتو بەحرەین تا کۆتایی ئەم مانگە (تەمموز) ڕادەگرێت.
سەرەڕای ئەم شەپۆلە هەمەلایەنەی ڕاگرتنی گەشتانە، ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دڵنیاییداوه لهوهى، ئاسمانی عێراق کراوەیەو هاتوچۆی فڕۆکەکان بەتەواوی نەوەستاوە.
لەم چوارچێوەیەشدا، کۆمپانیای فلای هەولێر ڕایگەیاندوه، گەشتەکانیان بهگوێرهى خشتەی دیاریکراو بەردەوامەو فڕۆکەخانەکانی هەرێم توانیویانە چەند گەشتێکی دیاریکراو لە لەندەن، کۆڵن، قاهیرەو بەغداوە پێشوازیی بکەن.
