حوسییەكانی یەمەن كەشتییەكی سعودییە دەكەنە ئامانج

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، هێرشیان کردوەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعودییە لەکەناراوەکانی یەنبوع لەدەریای سور.


یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکە لە 22ـی تەمموزەوە، ئەمە هەشتەمین کەشتیی نەوتهەڵگری سعودییەیە بکرێتە ئامانج.

وتەبێژەكەی سەربازیی حوسییەکان وتی،"بەسەرکەوتویی کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیی وەفامان لەباکوری دەریای سور، لەکەناراوەکانی یەنبوع، بەچەندین موشەکی بالیستی کردە ئامانج".

حوسییەکان ڕاشیانگەیاند، هێرشەکانیان لەباکوری دەریای سور چڕتر دەکەنەوە، چونکە سعودییە لەوەڵامی گەمارۆکەیاندا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لەباشورەوە بەرەو ئەو ناوچەیە ئاراستە دەکات.

گەمارۆکە هەڕەشەی لەتوانای سعودییە کردوە، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە، بۆ گەیاندنی نەوتەکەی بەبازاڕەکانی جیهان، ئەمەش دوای ئەوە دێت ئێران بەهەمان شێوە گەروی هورمزی گەمارۆ داوەو تاکە رێڕۆی دەریایی دیکەی شانشینەکەی داخستوە.

سەریع ئاماژەی بەوە کرد، گەمارۆی گروپەکەیان وای لەسعودیە کردوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی بەرەو باکوری دەریای سور ئاراستە بکات".

هەروەها وتیشی، بۆیە ئێستا گروپەکە ئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودییە لەباکوری دەریای سور چڕتر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم دەروازەکان دابخات و رێگری لەتێپەڕبونیان بکات".

بەپەلە