شارپرێس ـ تایبهت:
شەوی ڕابردوو، ئاسمانی سلێمانی بەدوکەڵو بڵێسەی ئاگرێکی سامناک داپۆشرا؛ ئاگرێک کە تەنها کۆگایەکی سوتەمەنی نەبوو، بەڵکو گۆڕەپانی جەنگێکی سەخت بوو لەنێوان پاڵەوانانی بەرگریی شارستانیو بڵێسە بێبەزەییەکانی ئاگرەکە، لەژێر بارانی دوکەڵو ڕوناکییە ترسناکەکەی تانجەڕۆدا، پیاوانێک گیانی خۆیان خستەسەردەست بۆ ئەوەی ڕێگریی لەکارەساتێکی گەورەتر بکەن.
شارپرێس لهزارى سهرچاوهیهكى بهرگریى شارستانیهوه زانیویهتى، "ئەو ئاگرەی کە لەناوچەی تانجەڕۆو لەناوجەرگەی کارگەکانی قیردا کەوتەوە، زیانێکی مادیی گەورەی لێکەوتوهتهوه، بهشێوهیهك، 34 عەمباری گەورەی بەنزین بەتەواوی سوتانو تەقینەوە، شهش عەمباری گەورەی گاز-یش بهتهواوى لهناوچون".
سهرچاوهكه ئهوهشى وت، "کۆی گشتیی سێ ملیۆنو 600 هەزار لیتر گازو بەنزین لەچەند کاتژمێرێکدا بەهەواداچون".
لهوبارهیهوه د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكردوه، لەئەنجامی ئەو ڕوداوەدا 20 کەس برینداربون، بریندارەکان تێکەڵەیەک بون لەکارمەندانی کۆگاکەو ئەفسەرو پاڵەوانانی بەرگریی شارستانی کە لەکاتی جەنگ لەگەڵ ئاگرەکەدا توشی بریندارییو تهنگهنهفهسى ببون، "بهڵام خۆشبەختانە هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمارنەکراو زۆربەی بریندارەکان هەر لەشوێنی ڕوداوەکە چارەسەری پێویستیان بۆکرا".
لەکاتێکدا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەم ئاگرە کاردەکاتەسەر گرانیی نرخی سوتەمەنیی، لهو ڕوهشهوه سهرچاوهیهكى تایبهت بهشارپرێسى وت، "ئەو کۆگایانە تەنها بەنزینی بازرگانییان تێدابوەو هیچ پەیوەندییەکیان بەکۆگاکانی بەنزینی 750 دیناریی حکومەتەوە نەبوە".
لاى شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی، دڵنیاییدایە هاوڵاتییان کە ئەم ڕوداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین لەبازاڕەکاندا نابێت.
ئاگرەکەی تانجەڕۆ کۆنترۆڵکرا، بەڵام وێنەی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەی بەرگری شارستانی کە بەجلی سوتاوو دەموچاوی دوکەڵاوی لەناوجەرگەی ئاگرەکەدا مابونەوە، وەک بەڵگەیەک لەسەر گیانفیدایی لەیادەوەریی خەڵکی سلێمانیدا دەمێنێتەوە، ئەوان نەیانزانی ماندوبون چییە، تائەوکاتەی دڵنیابونەوە لەوەی، سلێمانی لەمەترسیی تەقینەوەی گەورەتر پارێزراوە.
