ئابڕوچونی موچەی تیرۆریستان لەدامەزراوەی شەهیدان؛ کێ لەپشت تێپەڕاندنی مامەڵەکانەوەیە؟

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاشکرابونی دۆسیەی سودمەندبونی کەسانی تێوەگلاو لەکردەوەی تیرۆریستی لەموچەو ئیمتیازاتی "دامەزراوەی شەهیدان" لەعێراق، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی‌و کاردانەوەی یاسایی لێکەوتوەتەوە؛ شارەزایانیش هۆشداریی لەسزای قورسی (خیانەتی ئەمانەت) دەدەن.


کێ بەرپرسیارە؟ یاسا پەنجەی تۆمەت بۆ کێ ڕادەکێشێت؟
د.عەباس عوقابی پسپۆڕی یاسایی به‌ئاژانسی بەغداد ئەلیوم-ى وتوه‌، "سەلماندنی بونی ناوی تیرۆریستان لەلیستی موچەخۆرانی دامەزراوەی شەهیداندا، دەرگای لێپرسینەوەیەکی فرەڕەهەند دەکاتەوە، بەرپرسیارێتییەکەش تەنها لەسەرشانی ئەوکەسانە نییە کە پارەکەیان وەرگرتوە، بەڵکو دەستبەجێ ئەو فەرمانبەرو لایەنانەش دەگرێتەوە کە زانیارییەکانیان پشتڕاستکردوەتەوە یان چاویان لەتێپەڕاندنی مامەڵەکان پۆشیوە".

"خیانەتی ئەمانەت"و سزای فەرمانبەرە هاوکارەکان
ئەو پسپۆڕە یاساییە ڕونیکردەوە، هەر فەرمانبەرێک بەمەبەست یارمەتی تێپەڕاندنی ئەو مامەڵانەی دابێت یان واژۆی لەسەر کردبن لەکاتێکدا زانیویەتی زانیارییەکان ناڕاستن، ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی توندی کارگێڕیی‌و سزایی دەبێتەوە.

وه‌كو عوقابى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، تۆمەتەکان بریتین لەپێشێلکردنی ئەرکی فه‌رمانبه‌ریى‌و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، خیانەتکردن لەئەمانەت‌و تێکدانی بنەماکانی دادپەروەریی.

ساختەکاریی‌و فێڵکاریی؛ سەرجەم پارەکان دەگەڕێندرێنەوە
یاسا تەنها بەسزادانی فەرمانبەران ناوەستێت، بەڵکو ئەو کەس‌و خێزانانەش دەگرێتەوە کە بەناڕەوا پارەکەیان وەرگرتوە، وه‌كو عوقابی وتى، "ئەمکارە به‌گوێره‌ى مادەی 56ی یاسای سزادانی عێراقی، دەچێتە خانەی تاوانەکانی ساختەکاریی‌و فێڵکارییه‌وه‌".

باسى له‌وه‌شكرد، "دادگا سەرجەم ئەوکەسانە ناچاردەکات بەگەڕاندنەوەی دوا دیناری ئەو پارانەی بەناڕەوا لەخوێنی شەهیدان‌و بودجەی دەوڵەت بردویانە، ئەمەش جیا لەکێشانی سزای زیندانییەکەیان کە لەلایەن دادوەرەوە دیاریدەکرێت".

لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردوە
ئەم ئابڕوچونە یاسایی‌و ئەمنییە لەکاتێکدایە، پێشتریش چەندین دۆسیەی هاوشێوەی خەرجکردنی شایستە داراییەکان بۆ کەسانی سەر بەڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ئاشکرا ببون، لەئێستادا به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە فەرمییەکان، پڕۆسەی وردبینییەکی چڕ دەستیپێکردوەو موچەی دەیان دۆسیەی گوماناوی ڕاگیراوە تا کاتی یەکلابونەوەی کۆتایی لەلایەن دادگاوە.

پێشتر شارپرێس به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى دەستەی دەستپاکی عێراقى ئاشكراكرد كه‌ پشتڕاستیده‌كاته‌وه‌، سەدان ناوی چەکدارانی داعش ئاشکرابوه‌ کە بەشێوازی نایاسایی کراونەتە شەهید. 



ئاشکرابونی دۆسیەی درانی ماف‌و ئیمتیازاتی دارایی بەچەکداره‌ كوژراوه‌كانى داعش لەژێر ناوی (شەهید)، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی‌و نیگەرانی لەسەر ئاستی میدیایی‌و کۆمەڵایەتی لەعێراق لێکەوتوەتەوە، به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، 27 هه‌زار تیرۆریستى كوژراوى داعش لەلایەن دەزگای شەهیدانی عێراقەوە وەک شەهید ناسێندراون‌و موچەو تەواوی ئیمتیازاتەکانى شه‌هیدانه‌ به‌كه‌سوكاره‌كانیان ده‌درێت.

بەڵگەنامەکە کە بڕیارێکی فەرمی لیژنەی چاوخشاندنەوەی سەر بەدەزگای شەهیدانی عێراقەو لەڕۆژى 29ی کانونی یەکەمی 2025 دەرچوە ئاشکرایدەکات، کەسێک بەناوی (محەمەد مەحمود عەبدوڵڵا سەلبی جومه‌یلى) لەساڵی 2018وە لەپارێزگای ئەنبار وەک (شەهید) تۆمارکراوە؛ بەڵام دوای بەدواداچونی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی‌و هەواڵگریی عێراق، دەرکەوتوە کە ناوبراو "یەکێکبوە لەچەکدارانی داعشی تیرۆریست‌و لەساڵی 2014 لەشەڕەکانی ڕزگارکردندا، بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە."

زانیارییه‌كى گرنگیش ئاشكراده‌كات، زیاتر لە27 ھەزار کوژراوی تیرۆریستانی داعش لەپارێزگاکانی (ئەنبار، سەڵاحەدین، موسڵ‌و دیاله‌) لەدەزگای شەھیدانی عێراق تۆمارکراون‌و کراونەتە شەھیدو ھەموو مافێکی شەھیدبونیشیان پێدراوە.

بەپەلە