شارپرێس:
لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی لێدوانی
توندی بەرپرسە سەربازییەکانییەوە گرژییەکان بەرامبەر بەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا
بەرزدەکاتەوە، هاوکات دەرگای دانوستانە نهێنییەکانی لەپشت پەردەوە بەکراوەیی هێشتوەتەوە؛
ئەمەش ستراتیژیەتێکی دوڕوانەی تاران نیشاندەدات لەمامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا.
پاداشتی 30 هەزار دۆلاری بۆ کوشتنی سەربازانی
ئەمریکی
لەسەر ئاستی سەربازیی، ئەمیر حاتهمی فەرماندەی
گشتیی سوپای ئێران، هەڕەشەی توندی ئاراستەی واشنتۆن کردو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهەموو
هێزێکو بەهەر نرخێک بێت پارێزگاری لەکارتی ستراتیژیی گەروی هورمز دەکات.
حاتهمی ئاشکرایکرد، "گەروی هورمز ناگەڕێتەوە
بۆ دۆخی پێشوی"و وەک بەربەستێکی جیۆپۆلەتیکی بەهێز بەکاریدەهێنن، لەهەنگاوێکی
بێپێشینەشدا، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران-یش لەزاری حاتهمییەوە بڵاویکردەوە، هەر هێزێکی
ئێرانی بتوانێت "دەستدرێژیکارێکی ئەمریکی" دەستگیربکات یان بکوژێت،
پاداشتی 30 هەزار دۆلاری پێدەدرێت.
ئابورییەکی داڕماوو بانگەشەی سەرکهوتن
لەکاتێکدا محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی
ئێران، شەڕی ئەمدواییانە بە"سەرکهوتنی سیاسییو سەربازیی" ئێرانو شکست
بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل ناودهبات، مسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، دان بەبونی کێشە
ناوخۆییە قوڵەکاندا دەنێت.
پزیشکیان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕوبەڕوی چەندین
قەیران بوەتەوەو ئەوان ئامادەن کێشەکانیان لەگەڵ هەر لایەنێک چارەسەربکەن کە توانای
هاوکاریی هەبێت.
دانوستانی نهێنی لەڕێگەی قەتەرو پاکستانەوە
سەرەڕای ئەم زمانە توندە سەربازییە، قاچێکی
تاران هێشتا لەسەر مێزی دیپلۆماسییە، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی پێگەی (ئەکسیۆس) ئەمریکی،
کەناڵەکانی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەنێوان تارانو واشنتۆن هێشتا دانەخراون.
نێوەندگیرەکانی وەک قەتەرو پاکستان بەردەوامن
لەگواستنەوەی نامەکان لەنێوان هەردولادا، هەرچەندە تائێستا ئەم پەیوەندییانە هیچ پێشکەوتنێکی
بەرچاویان بەخۆوە نەبینیوە، بەڵام لایەنی پاکستانی هەوڵدەدات کە کەشێکی گەشبینانە
دروستبکات بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستوییە سیاسییەی هەیە.
