ئەو رۆژەی ئیدارەی ترەمپ لەڕێی نێچیرڤان بارزانییەوە دانوستانیان لەگەل ئێران کرد

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، ئیدارەی ترەمپ پەنای بردە بەر كەناڵێكی دیپلۆماسی نهێنی لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەركردایەتیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمەش لە كاتێكدا كە واشنتۆن گومانی لەسەر دانوستانكارانی فەرمی لە تاران هەبووە، بەپێی ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریكی ئەكسیۆس.


ئەم ڕووداوە تیشك دەخاتە سەر ئاڵۆزییەكانی دانوستانەكان بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ململانێكان، لە كاتێكدا كە ئیدارەی ئەمریكا لە هەوڵدایە بۆ دەستنیشانكردنی ناوەندی ڕاستەقینەی دەسەڵات لەناو دامەزراوەی دەسەڵاتداری ئێراندا.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، ڕۆژی 10ی ئایار، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كردووە، بە ڕەزامەندی ترەمپ و جێگرەكەی جەی دی ڤانس.

ئەو ئیدارەیە بارزانی هەڵبژارد بەهۆی  شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی لە ئێران و پەیوەندییە نزیكەكانی لەگەڵ كەسایەتییە دیارەكانی تاران و سوپای پاسداران.

برێت مەكگۆرك، ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆكایەتی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: نێچیرڤان بارزانی چارەسەركەرێكی كێشەكانە، ناوبراو لە هەردوو شاری تاران و واشنتۆن ناسراوە، زۆرجار لە كاتی قەیرانەكاندا بانگەوازی بۆ دەكرێت. 

ئەكسیۆس بڵاویكردەوە، بارزانی بەو داواكارییە ڕازی بووە و مەرجی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا داناوە.

لە ١٤ی ئایاردا بەرپرسێكی سوپای پاسداران بە تەلەفۆنێكی پارێزراوەوە گەیشتە نووسینگەی بارزانی لە هەولێر. لەمیانی پەیوەندییەكەدا، وەحیدی دڵنیایی بە بارزانی دا لە پشتیوانی تەواوی سەركردایەتی بۆ دانوستانكارانی ئێران، جەختی لەسەر پەسەندكردنی تاران بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە لە ڕێگەی گفتوگۆوە كردەوە.

گابارد ڕاستەوخۆ ئاگاداری وەڵامدانەوەی ئێران بوو و بۆ كۆشكی سپی گواستەوە.

دوابەدوای وەڵامدانەوەی ئێران، ئیدارەی ئەمریكا پێشنیاری ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نهێنی لە هەولێر كرد، كە دانوستانكاری باڵای هەردوولا لەژێر چاودێری بارزانیدا كۆببنەوە.

 لایەنی ئێرانی نیگەرانییە ئەمنییەكانی دەربڕی و ترسی ئەوەی هەبوو كە لەلایەن كارمەندانی هەواڵگری ئیسرائیلەوە بكرێنە ئامانج، ئەمەش دواجار ڕێگری لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە كرد.