به‌بڕیارى زه‌یدیى ناوی سه‌رجه‌م گروپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌گۆڕدرێن

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی عێراق لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا، کار بۆ یەکخستنی بڕیاری ئەمنی‌و هێنانی تەواوی هێزە سەربازییەکان بۆ ژێر چەتری دەوڵەت دەکات، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، "شکۆی دەوڵەت بەئاڵۆزیی دروستنابێت، بەڵکو بەتوانای جێبەجێکردنی یاسا دەبێت‌و بڕیاری جەنگ‌و ئاشتی تەنها لەدەستی دەوڵەتدا کورتدەکرێتەوە".


فەریق سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، "گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەپێکهاتەی هێزەکاندا دەکرێت، کاردەکرێت بۆ سەرلەنوێ ناونانەوەی لیواکانی حەشدی شەعبی بەژمارەو هێمای فەرمیی حکومی وەک لیواكانى (30و 40)، بەشێوەیەک نابێت هه‌ڵگرى هیچ ئاماژه‌و ناوێكى سیاسیی یان ئایینی بن".

وه‌كو سه‌عد مه‌عن وتى، "دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستوریی‌و فەرمییە، هەرلایەن‌و ناونیشانێکیش لەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیەبێت، لەڕێگەی گفتوگۆوە لەقۆناغی داهاتودا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ڕێژەیەکی زۆر لەچەکە جۆراوجۆرەکانیش وەرگیراونەتەوە، بەتایبەت ئەو چەکانەی کە لەدەرەوەی لقی فەرمیی حەشدی شەعبیدا بون".

مەعن دڵنیاییدا، دیاریکردنی ڕۆژى 30ی ئەیلولی ئه‌مساڵ وەک وادەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە، سەرچاوەی قەلەقی نییە، چونکە وه‌كو ده‌ڵێت، "دەروازەکانی لێکتێگەیشتن‌و ڕێڕەوە دەستوریی‌و کارگێڕییەکان لەبەردەم هەمواندا کراوەن، بابەتەکەش کێشەیەکی گەورەی تێدانییە، تەنها جۆرێک لەگفتوگۆ هەیە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن‌و کاتەکانی، بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی هەندێک میدیا بڵاوی دەکەنەوە".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "لەدۆسیەی كۆكردنه‌وه‌ى چەک لەدەستی دەوڵەتدا، لیژنەی نیشتمانیی هەمیشەیی لەوەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لەکارەکانی‌و هەفتانە نزیکەی شه‌ش هه‌زار پارچە چەکی هاوڵاتیان تۆماردەکات، تائێستاش کۆی گشتیی ئەو چەکانەی لەلایەن هاوڵاتیان‌و هۆزەکانەوە تۆمارکراون گەیشتوەتە 580 هه‌زار پارچە چەک‌و ژمارەی نوسینگەکانی تۆمارکردنیش لەناوچە سنورییەکان بەرزکراوەتەوە بۆ 848 نوسینگە".

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق باسى له‌وه‌شكرد، "پڕۆژەیاسای كۆكردنه‌وه‌ى چەک لەدەستی دەوڵەتدا کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە پاڵپشتیدەکرێت، لەنێوان سکرتارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران‌و پەرلەماندا لەڕێڕەوی یاسایی خۆیدایەو پشتگیرییەکی بەرفراوانی پەرلەمانتارانی لەپشتە بۆ بەهێزکردنی دەستورو یاسای سزادانی عێراقی".