شارپرێس:
دوای تێپەڕبونی 100 ڕۆژ بەسەر پێکهێنانی
حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدیی، چاودێرانو بەرپرسانی دارایی ئاماژە
بەوەرچەرخانێکی گرنگ دەکەن لەئاڕاستەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، مهزههر محەمەد ساڵح
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران دهڵێت، "هەڵسەنگاندنی ئەم ماوەیە، نابێت تەنها
بەژمارەی ڕۆژەکان بێت، بەڵکو بەو ستراتیژە نوێیە دەپێورێت کە حکومەت لەکاتو دۆخێکی
زۆر ئاڵۆزدا گرتویەتیەبەر".
بهگوێرهى وتەی ڕاوێژکارهكهى زهیدیى،
حکومەتی نوێ میراتێکی قورسی لەگەندەڵیی ڕەگداکوتاو، ئابوریی پشتبەستوو بەنەوتو کێشەی
سیادیو کۆمەڵایەتی وەرگرتوە، بەڵام "جیاوازیی ئەم کابینەیە لەوەدایە کە کێشەکانی
وەک یەک پاکێجی گشتگیر سەیرکردووە".
مهزههر محهمهد نمونه بۆ قسهكانى دههێنێتهوهو
پێیوایه، "دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەدروشمی سیاسییەوە گۆڕدراوە بۆ ڕێڕەوێکی
دامەزراوەیی کە بنەماكهى لەسەر چاودێریی، گەڕاندنەوەی ماڵی گشتییو لێپرسینەوەیە".
جهختیشدهكاتهوه، "کاردەکرێت بۆ گۆڕینی
عێراق لەوڵاتێکی بەکاربەرەوە بۆ بەرهەمهێنەر لەڕێگەی چاکسازیی ڕیشەیی لەسیستمی
بانکی، باج، گومرگو پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، ههروهها کارەباو وزە، تەنها وەک
خزمەتگوزاری سەیرناکرێن، بەڵکو کراونەتە بنەمایەک بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکیو
ناوخۆیی".
ڕاپۆرتەکان جەختدەکەنەوە، بونیادنانی ئابورییەکی
بەهێز بەبێ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی مەحاڵە، بۆیە یەکێک لەسەرکەوتنە دیارەکانی ئەم
ماوەیە، پەیامی ڕونی حکومەت بوە بۆ كۆكردنهوهى چەک لەدەستی دەوڵەتداو گەڕاندنەوەی
بڕیاری نیشتمانی، کە ئەمەش ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان دەستەبەردەکات.
حکومەتهكهى زەیدیی دەیەوێت ئەو تێڕوانینە
باوە بگۆڕێت کە تەنها پشت بەدامەزراندنی حوکمی دەبەستێت، ئامانجی ئێستا وهكو ڕاوێژكارهكهى
وتى، "ڕەخساندنی دەرفەتە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بۆ پزیشکان، ئەندازیاران،
بازرگانانو پیشەسازان، تاوەکو کەرتی تایبەت ببێتە داینەمۆی سەرەکیی خولقاندنی سەروەتو
سامان لەکۆمەڵگەدا".
شارەزایانیش پێیانوایە، هەرچەندە چەند مانگێکی
کەم بەس نین بۆ دەرکەوتنی تەواوی ئەنجامەکان کە ساڵانیان دەوێت، بەڵام بوێریى حکومەت
لەدەستبردن بۆ مەلەفە سەختەکان، یەکەم دەستکەوتی ڕاستەقینەی ئەم کابینەیەیە کە ئومێدی
گۆڕانکاریی ڕیشەیی لای هاوڵاتیان دروستکردوە.
