نزیکبونەوەى شەرع‌و ئەردۆغان تەلئەبیب ده‌هه‌ژێنێت.. چۆن ترەمپ ڕێگریی لەهێرشێكى ئیسرائیل بۆسه‌ر سوپاى توركیا كرد؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیا عیبرییەکان پەردە لەسەر پەرەسەندنێکی نوێ‌و دراماتیکی لەپەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تەلئەبیب لادەدەن، کە پێگەی نوێی هێزە ناوچەییەکان لەسوریای دوای بەشار ئەسەد نیشاندەدات، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕێگریی لەداواکارییەکی ئیسرائیل کردوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی پێگەو بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەناو خاکی سوریادا.


ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، تەلئەبیب چەند هەفتەیەک لەمەوبەر داوای لەئیدارەی ئەمریکا کردبوو گڵۆپى سەوزی بۆ هه‌ڵبكات بۆ وەشاندنی گورزێکی ئاسمانی لەسوریا؛ بەڵام کۆشکی سپی بەتوندی داواکارییەکەی ڕەتکردەوەو ڕێگەی بەجێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە نەدا.

ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدابوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، بەڕەزامەندیی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو بەهەماهەنگی لەگەڵ ترەمپ، خەریکی به‌هێزكردنى پێگەی سەربازیی‌و ئابوریی وڵاتەکەیەتی لەسوریا، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەو کۆگاکانی چه‌ك‌و جبه‌خانه‌كان.

کەناڵی 13ى ئیسرائیلى ڕونیکردوەتەوە، هۆکاری سەرەکیی داواکارییەکەی ئیسرائیل، نیگەرانیی قوڵی تەلئەبیبە لەبەرفراوانبونی ڕۆڵی سەربازیی ئەنكەرە، بەرپرسانی ئیسرائیلیش لەو بڕوایەدان، جێگیربونی هێزەکانی تورکیا دەبێتە هۆی سنوردارکردنی ئازادیی جوڵەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لەئاسمانی سوریادا، دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێی هێز کە لەبەرژەوەندیی ئاسایشی ئیسرائیلدا نییە.

بەڵام بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پەکخستنی هێرشەکە، بەڕونی ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە نزیکانەیە کە لەئێستادا لەنێوان ترەمپ‌و ئەردۆغاندا هەیە، ترەمپ پێشتریش ئاماژەی بەوەکردبوو، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەیەو دەیەوێت وەک نێوەندگیرێک کێشەکانی نێوان تەلئەبیب‌و ئەنكەرە بەڕێوەببات، نەک ڕێگەبدات ململانێکان بگەنە ئاستی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەناوخاکی سوریادا.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، نیگەرانییەکانی ئیسرائیل تەنها لەسنوری خاکی سوریادا نەوەستاونەتەوە، بەڵکو ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، تەلئەبیب بەقوڵی‌و بەدڵەڕاوکێوە، چاودێریی هاوپەیمانییەکی بەرگریی نوێ دەکات بەناوی (ڕێککەوتنی مەککە) کە هەفتەی ڕابردوو لەنێوان تورکیا، سعودیەو پاکستاندا واژۆکرا.

ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە هاوشێوەی پێکهاتەی هاوپەیمانیی ناتۆ کاردەکات‌و بڕیارە سکرتارییەتی گشتیی لەڕیاز بێت، چاوەڕواندەکرێت میسریش دوای چارەسەرکردنی هەندێک خاڵی تەکنیکی پەیوەندیی پێوەبکات، به‌گوێره‌ى بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، هەر هێرشێک بۆسەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆسەر هەموان سەیردەکرێت؛ ئەمەش بەتەواوی حساباتی ئەمنیی ئیسرائیلی شڵەژاندوە.

ئەم ڤیتۆیە لەکاتێکدابوو کە چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەسوریا بەردەوامن‌و تەنها لەماوەی تەمموزی ڕابردودا، 187 پێشێلکاریی ئیسرائیلی لەپارێزگاکانی قونه‌یته‌ره‌و دەرعا تۆمارکراون، شارەزایانیش لەو بڕوایەدان، بڕیارەکەی ترەمپ نیشانەی توندبونی گرژییەکی بێدەنگە لەنێوان واشنتۆن‌و تەلئەبیب، چونکە ژینگەی سیاسیی دەوروبەری سوریا، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەرداهاتوەو ئەمریکا ئامادەنییە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا هاوسەنگییە نوێیەکانی ناوچەکە تێکبدات.