عێراقی دوای 30ی سێپتەمبەر

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەڤاڵ  عارف

پرسی گروپە چەکدارەکانی عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و درێژخایەنترین ئاڵنگارییەکان، کە وەک گرێکوێرەیەک لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بەرۆکی سیستەمی حوکمڕانیی ئەم وڵاتەی گرتووە٫ لە ئێستادا حكوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی زیدی
٣٠ی سێپتەمبەری وەک دوامۆڵەت بۆ چەکدانان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەم هێزانە دیاریکردووە، پرسیارەکە ئەوەیە دوای ئەم رێکەوتە دەوڵەت دەتوانێت سەرجەم هێزەکان لەژێر چەترە سیاسی و دامەزراوەییەکەی خۆیدا یەکبخات و کۆتایی بە هەژموونی گروپەکان بهێنێت؟

پێش چوونە ناو ئەگەرەکانی قۆناغی دوای ٣٠ی سێپتەمبەر، پێویستە تێگەیشتنێکی وردمان بۆ پێکهاتە و سروشتی ئەم گروپانە هەبێت، لە ڕووی مێژووییەوە، زۆرینەی ئەم هێزانە لە بۆشایی ئەمنی دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە سەریان هەڵداوە، بەڵام گەشەکردنی گەورە و بەدامەزراوەیبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش و دەرچوونی فەتوای  مەرجەعییەت لە ساڵی (٢٠١٤)،  لە ڕووی ژمارەییەوە، سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرچاویان لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن کە قەبارەیان بە زیاتر لە ١٦٠  هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، بەڵام چەندین گروپی دیکە و باڵی سەربازیی هەن لەژێر ناوی بەرەی موقاوەمەدا بە تەواوی لە دەرەوەی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جووڵە دەکەن، نە دەوڵەت و نە دامەزراوە فەرمییەکانی حەشدی شەعبیش، هیچ جۆرە هەژموون و کۆنترۆڵێکیان بەسەریاندا نییە.

لێرەدا دەبێت درک بەو هەقیقەتە بکرێت کە دەستبردن بۆ ئەم دۆسیەیە پارویەکی هەروا ئاسان نییە، بێئاکامبوونی هەوڵەکانی پێشووش بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئەم هێزانە، سەلمێنەری قورسایی ئەم ئاڵەنگارییەن، بەڵام ئەوەی ئێستا جیادەکاتەوە لە رابردوو هەلومەرجەکەیە، بۆیه دەرکردنی ئەم بڕیارە لە ئێستادا زادەی تەوقیتێکی  جیاوازە لە زەمەنێکی جیاوازدا و لەزروفێکدایە، ناوچەکە بەهۆی لێکەوتەکانی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی پڕ لە شڵەژان و گرژییەوە، عێراقیش کەوتووەتە ناو چەقی ئەو لێکەوتانەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، گەیشتووەتە لێواری هەرەسهێنان و لە داڕمانێکی حەتمی نزیک بووەتەوە، بێگومان فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکاش پاڵنەرێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی حکوومەت ناچار بە دەرکردنی ئەم بڕیارە ببێت.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە پرۆسەکە تێدەپەڕێت، چونکە واقیعی ئەم گرووپانە ئاڵۆزترە لەوەی تەنیا بە بڕیارێکی سیاسی و ئیداری یەکلایی ببنەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێن، ئەوان لەڕووی ئاراستە و ئامانجەوە هێزێکی یەکدەست نین، هەر بەشێکیان خاوەن ئەجێندایەکی تایبەتن و بەقووڵی گرێدراوی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەرەوەن، هاوکات لە بەشێکی زۆر لە جومگە هەرە هەستیارەکانشدا، قورسایی و هەژموونی ئەم هێزانە سنووری دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقیان تێپەڕاندووەو بەهێزتر دەردەکەون لەحکومەت و دەسەڵاتە شەرعییەکانی دەوڵەت.

ئەگەر واقیعی گرووپە چەکدارەکانی دیکەی وڵاتانی ناوچەکەش بکەینە پێوەرێک بۆ خوێندنەوەی چارەنووسی ئەم گرووپانە لە عێراقدا، لە لوبنان، حزبوڵڵا سەرباری قورسیی فشارەکان، بڕیارەکانی حکوومەت و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، ئامادە نەبوو دەستبەرداری چەک و هەژموونەکەی ببێت، لە یەمەن زیاد لەدەیەیەکە قەوارەی دەوڵەت بەتەواوی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە قووت دراوە و بوونەتە ئەمری واقیع، لە سووریاش، لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ و پەککەوتنی سیستەمی دەوڵەت وایکرد دەیان گرووپی چەکدار دەربکەون کە سەرەتا جوگرافیا و بڕیاری سیاسییان دابەش کرد و دواجاریش هەر ئەم گرووپانە جڵەوی دەوڵەتیان گرتە دەست، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هاوکێشە و نموونانە، ئەم گرووپانەی عێراق، کە خاوەنی ژمارەیەکی بێشومار لە چەکدار و ئیمکانیەتێکی سەربازی و دارایی زەبەلاحن  هاوکات سنوورێکی جوگرافیی کراوەشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئایا ڕێی تێدەچێت بەئاسانی بچنە ژێر باری خۆهەڵوەشاندنەوە؟

لێرەدا شرۆڤەی دۆخەکە بەسەر دوو وەڵامی پێچەوانەدا دابەش دەبێت،  لەلایەک پاشخانی ئەم گرووپانە لە گوێنەدان بە بانگەوازەکانی پێشووی حکوومەت بۆ چەکدانان، شانبەشانی ئەزموونی ئەو هێزە چەکدارانەی دیکەی ناوچەکە کە سەرەڕای فشارەکان ئامادە نەبوون دەستبەرداری چەکەکانیان ببن، پێمان دەڵێت  ملکەچبوون بۆ ئەم بڕیارە کارێکی قورسە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەو قەیرانە قووڵەی ئێستا بەرۆکی عێراقی گرتووە، پێشهات و خوێندنەوەیەکی تەواو پێچەوانە دەهێنێتە ئاراوە، هەر بۆیە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەم هێزانە دۆخێکی هێندە تەمومژاوییە تاکو ئێستا بەرچاوی خودی ناوماڵی شیعەش ڕوون نییە کە چی دەبێت و دۆخی ئەم گرووپانە بە چ لایەکدا دەکەوێت، تەنانەت هەستیاری پرسەکە ئەو ماڵەشی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە.

هەرچەند کلیلی ئاراستەکردنی ئەم گرووپانە بەتەواوی لە دەستی ناوماڵی شیعەدا نییە، چونکە گرووپەکان  هەموویان سەر بە ناوخۆی عێراق نین و بڕیاری بەشێکیان ڕاستەوخۆ لە دەستی وڵاتانی دەرەوەدایە، بەڵام لە ڕووی مەزهەبی، زۆرینەی سیاسی و باڵادەستییەوە، ماڵی شیعە ڕۆڵی سەرەکیی لەم پرسەدا هەیە، سەرەئەنجام کۆی ئەم ئاڵۆزییانە، ناڕوونی و دابەشبوونی ماڵی شیعە لەلایەک و وابەستەیی بڕیاری گرووپەکان بە جەمسەرە جیاوازەکانەوە، وایکردووە چارەنووسی بڕیارەکە و ئایندەی دۆخەکە زیاتر لە نێوان دوو ئەگەردا بخولێتەوە.

یەکەم، لە تێگەیشتنیان بۆ خراپیی دۆخی ناوچەکە و عێراق و لەژێر باری ڕێککەوتنی ناوخۆیی و دەرەکیشدا، ئەم گرووپانە بە شێوەیەک لە شێوەکان بێنە ژێرباری بڕیارەکەی حکومەت، بەڵام بێگومان، ئەمەش رووبدات تەنیا مانۆڕێکی تەکتیکی دەبێت بە ئامانجی خۆپاراستن لەو پێشهاتە نەخوازراوانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

دووەمیش، ملنەدانە بە بڕیارەکە و حیسابنەکردنە بۆ دۆخی عێراق، کە ئەمەش وڵاتەکە دەخاتە سەر لێواری داڕووخانێکی حەتمی لە هەردوو ئەگەرەکەشدا، واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم گرووپانە بەتەنیا بەم بڕیارە چارەسەر نابن و هەڵناوەشێنەوە، چونکە ئەوان واقیعێکی جیاوازی ٢٢ ساڵەیان هێناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی عێراقەوەو بەقووڵی شۆڕبوونەتەوە ناو سەرجەم جومگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆیە لەباشترین حاڵەتدا پێدەچێت هەندێک لەم گرووپانە بێنە ژێربار، بەڵام هەندێکیان کە خۆیان لەژێر باڵی موقاوەمەدا ڕێکخستووەتەوە مل نەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا دۆخەکە دەخاتە سەر گریمانەی کاردانەوە و هەڵوێستەکانی ئەمریکا و نیەتەکانی لەو کاتەدا.