شارپرێس:
عەممار حەکیم سهرۆكى ڕهوتى حیكمهو هاوكات سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، لەهەڵوێستێکی ڕونو ڕاشكاودا، پشتگیریی بەهێزو تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدیی ڕاگهیاند، حەکیم لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوەی ڕەوتی حیکمەدا، قورسایی تەواوی خستەسەر پرسی چاکسازیی ئابورییو شەڕی دژ بەگەندەڵی، جەختیکردەوە، پێویستە حکومەت لەم قۆناغەدا تەنها سەرنج لەسەر دۆسیە زەبەلاحو سەرەکییەکان چڕبکاتەوە".
عەممار حەکیم لەوتارەکەیدا پشتبەستنی بەدروشمە باوەکان ڕەتکردەوەو شەڕی گەندەڵی وەک مەرجی سەرەکی بۆ مانەوەی دەوڵەت وێناکرد، لەو چوارچێوەیەشدا داوای چەند هەنگاوێکی خێراو کاریگەری کردو وتى، "سەرکەوتنی حکومەتەکەی زەیدیی بەندە بەوەی کە ڕاستەوخۆ دەست بۆ گەورەترین مەلەفەکانی گەندەڵی بباتو هیچ کەسێک لەیاسا بەرزتر نەبێت".
ئەو ڕونیکردەوە، "تاکە چەک بۆ ڕێگریکردن لەدزینی سامانی گشتییو دابینکردنی شەفافییەت، بەدیجیتاڵکردنی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، بۆیه داوادهكهین بەزوترینکات پۆستە بەتاڵەکانی ناو حکومەت پڕبکرێنەوە تاوەکو کابینەیەکی یەکگرتوو و بەهێز، بەرپرسیارێتیی چاکسازییەکان لەئەستۆ بگرێت".
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە لەناو تەنگژەیەکی ئابوریی قورسدایەو پشتگیریکردنی زەیدیی لەلایەن منهوه، بۆ دەربازبونە لەم قەیرانە لەڕێگەی پلانێکی پێنجینەیی ستراتیژییەوە کە بریتین لەبوژاندنەوەی کشتوکاڵ، پیشەسازیی، گەشتوگوزار، وەبەرهێنانو تەکنەلۆژیا".
لەکاتێکدا کە دۆسیەی چەکداریی لەناوچەکەدا گەرمە، عهمار حەکیم نەیویست ئەم پرسە بکاتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر بۆ حکومەت، بەڵکو تەنها ئاماژەی بەوەکرد، "پرسی چەک پێویستی بەگفتوگۆو لێکتێگەیشتنی هێمنانەیە، بەشێوەیەک کە ڕێز لەمێژوی ئەو هێزانە بگیرێت کە کاتی خۆی دژی تیرۆر جەنگاون؛ بەمەش هۆشداریدا لەوەی کە نابێت دۆسیە ئەمنییەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم کارنامەی سەرەکیی حکومەت کە بریتییە لەبوژاندنەوەی بژێوی خەڵکو بنبڕکردنی گەندەڵیی".