شارپرێس:
موراد قەرەیلان ئەندامی ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی گەل ڕایگەیاند، یاسای چوارچێوە كە لە ١٠ـی ئابدا لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە دەركرا، لە مێژووی كۆماردا پێشهاتێكی نوێیە.
موراد قەرەیلان لەوتارێكدا بەبۆنەی ڕۆژی 15ی ئاب ساڵڕۆژی دەستپێكردنی شەڕی چەكداری پەكەكە دژی توركیا ڕایگەیاند " كۆمار لە دوای دامەزراندنیەوە، دانی بە ئیرادەی كورددا نەنا و دەویست كورد بە كوشتن لەناو بببات. لەم چوارچێوەیەدا، ئەم یاسایە هەنگاوێكی نوێ و بەنرخە، بەڵام یاساكە كەموكوڕی و هەڵەی یاسایی زۆری تێدایە. لە پێش هەموو شتێكەوە، پێگەی ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە كە ئۆجالانە، لەخۆ نەگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ئەم پرۆسەیەی دەست پێ كرد، ئۆجالانە. دیسان، وشەی كوردیش لە ناویدا باس ناكرێت. هەر باسی دیموكراسی نەكراوە. هەستیارییەكانی گەلەكەمان، بۆچوونەكانی تەڤگەرەكەمان و بۆچونەكانی ڕێبەرێتیمان زۆر سەرنجیان نەخراوەتە سەر".
قەرەیلان ڕونیكردەوە "پرسەكەیان تەنها بە چەكدانانی گەریلاوە بەستەوە، بەڵام ئەم پرسە، پرسێكی سەد ساڵییە. مامەڵەی بەرتەسك هەیە. بێگومان، ئەم نزیكایەتییە بەرتەسكە پرسەكە چارەسەر ناكات. گەریلا لە ئەنجامی چی دا، كەوتە سەر سەكۆی مێژوو؟ ئەگەر ئەمە باش ڕون نەبێتەوە، چارەسەری ڕیشەیی پرسەكەش نابێت".
دەشڵێت "دەوڵەت باخچەلی لە یەكەم بانگەوازیدا بۆ ئۆجالان وتی، "با شەڕ ڕاگرێت، كۆتایی بەوكارانە بێنێت كە لە ژێر ناوی پەكەكەدا دەكرێن، با بێتە پەرلەمان، لە گروپی دەم پارتی قسە بكات و دان بە مافی هیوادا بنرێت." ڕاستییەكەی، ئێمەش بڕیارەكانی كۆنگرەی كۆتایی هێنان بەوكارانەی لە ژێر ناوی پەكەكەدا دەكرێن لەسەر ئەم بنەمایە دا. واتە ئێمە وتومانە، دەبێت پرۆسەكە لەلایەن ئۆجالانەوە بەڕێوە بچێت. ئێمە ئێستاش هەمان شت دەڵێین. دەبێت ئۆجالان پرۆسەكە بەڕێوە ببات. دەبێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر بەدی بێت. ئەمە نەبێت، شتێك بەناوی چارەسەییەوە نابێت.
