جۆن بۆڵتۆن: واشنتۆن لەسیاسەتی گۆڕینی ڕژێمەکاندا سەرکەوتوبوەو هەڵەی ئەفغانستان تەنها لەکشانەوەکەدا بوو

جیهان

54 خولەک پێش ئێستا‌ 1760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاو یەکێک لەدیارترین سەرکردەکانی ڕەوتی کۆنەپارێزە نوێیەکان، بەرگریی لەسیاسەتەکانی ئەمریکا ده‌كات لەپەیڕەوکردنی ستراتیژی (گۆڕینی ڕژێم) لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهان، ده‌شڵێت، "واشنتۆن لەو ئەرکانەیدا سەرکەوتوو بوە".


بۆڵتۆن لەلێدوانێکدا سەبارەت بەئەنجامی دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لەبڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان گرت‌و ئاماژەی بەوەکرد، هەڵەکە لەخودی پرۆسەی گۆڕینی ڕژێمەکەدا نەبوە، بەڵکو تەنها لەبڕیاری کشانەوەدا بوو کە ستراتیژیەتەکەی توشی شکست کرد.

له‌لێدوانه‌كه‌یدا، بۆڵتۆن پێگەی فەرمی ئەڵمانیای وەک نمونەیەکی سەرکەوتوی ئەم لۆژیکە هێنایەوەو وتی، "ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا زیاتر لە80 ساڵە لەئەڵمانیا ئامادەیی سەربازیی هەیە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕونە لەسەر پرۆسەیەکی سەرکەوتوانەی گۆڕینی ڕژێم کە توانیویەتی سەقامگیریی درێژخایەن دەستەبەربکات".

ئەم لێدوانانەی بۆڵتۆن ئاماژەن بۆ ئەوەی، لەڕوانگەی کۆنەپارێزە نوێیەکانەوە، پێناسەی "سەرکەوتن" لەدەستێوەردانی دەرەکیدا تەنها بەکۆتاییهاتنی شەڕەکە یان ڕوخانی ڕژێمەکان سنوردار نییە، بەڵکو پرۆسەی گۆڕینی ڕژێم تەنها سەرەتای قۆناغێکی درێژخایەنی جێگیربون‌و ئامادەیی سەربازیی هەمیشەیی ئەمریکایە لەو وڵاتانەدا بۆ پاراستنی گۆڕانکارییەکان.