شارپرێس:
دوای تێپەڕبونی زیاتر لە40 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی
خەباتی چەکداریدا، چیاکانی قەندیل لەئێستادا (بهتایبهت لهئابی 2026)وه، شاهیدی
وەرچەرخانێکی مێژوییو دراماتیکین، پاشئەوەی پەکەکە لەئایاری 2025دا هەڵوەشاندنەوەی
خۆی ڕاگەیاندو لەتەمموزی هەمان ساڵدا چەکەکانی لەئەشکەوتی جەسەنە سوتاند، ئێستا گەریلاکان
لەناو قووڵایی ئەشکەوتەکاندا خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی خەباتی مەدەنیو دیموکراتی
ئامادە دەکەن.
سوتاندنی چەک لەمێشکدا؛ ئاشتی قورسترە لەجەنگ
نورەدین دەمیرتاش یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی
قەندیل (برای سیاسەتمەدار سەڵاحەدین دەمیرتاش)، لەناو ئەشکەوتێکی گەورەدا ژیان بهسهردهباتو
دهڵێت، "ئێمە هەرگیز چەکمان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ماف نەبینیوە، بەڵکو
تەنها هۆکارێک بوە بۆ خۆپاراستن لەبەرامبەر ستەمو ئەشکەنجەدا، ئامانجی گەورەی ئێمە
لەم قۆناغەدا، تەنها سوتاندنی چەکەکانی سەرشانمان نییە، بەڵکو سوتاندنی بیرۆکەی چەکدارییو
توندوتیژییە لەناو مێشکماندا".
دهمیرتاش كه ساڵانێك پرۆسهى سیاسیى لهباكورى
كوردستان بهڕێوهبردوه جهختدهكاتهوه، "کاتێک چەکەکانمان دانا، بارمان
سوک نەبوو، بەڵکو قورستر بوو؛ چونکە خەبات بۆ سەرخستنی ئاشتییو دیموکراسیی، زۆر سەخترە
لەشەڕکردن".
ژیانی هاوبەشی گەنجان لەناو ئەشکەوتهكاندا
لەکاتێکدا کە پڕۆژەیاسای مێژویی بۆ گەڕانەوەی
چەکدارەکان لەپێنجى ئهم مانگهدا پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کراوە، ژیانی ناو ئەشکەوتەکان
گۆڕانی بەسەرداهاتوە، لەناو ئەشکەوتەکاندا هیچ جیاوازییەک لەنێوان فەرماندەو ئەندامانی
ئاساییدا نەماوە؛ هەموان پێکەوە بەنۆبە چێشت لێدەنێن، قاپ دەشۆن، خاوێنکاری دەکەنو
تەنانەت چاودێریی ئەو گوڵانەش دەکەن کە لەژێر ڕوناکی دەستکرددا شین بون.
بهگوێرهى زانیارییهكان، لەئەشکەوتێکی گەورەی
دوو نهۆمیدا، گەنجانی کورد، عەرەبو تورک کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30
ساڵیدایە، پێکەوە کۆبونەتەوەو لەڕێگەی ستۆدیۆکانی دەنگو سینەماوە، گۆرانیو فیلمی
دۆکیۆمێنتاری بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی ئاشتی بەرهەمدەهێنن.
درۆنە نەناسراوەکان؛ تاقیکردنەوەی هاوسەنگیی
قەندیل
سەرهڕای ئەوەی کە تورکیا پابەندە بەئاگربەستی
یەک ساڵەی نێوانیان، بەڵام فڕینی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) لەئاسمانی قەندیلدا
بەردەوامە، گەریلاکان چاودێریی توندی فڕینی ئەم درۆنانە دەکەنو پێیانوایە، ئەم جوڵانە
زیاتر پەیوەندییان بەگرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئێرانو ئیسرائیلەوە هەیە، ئەگەرچی
ئەوان خاوەنی چەکی دژە درۆنن، بەڵام بۆ پاراستنی هێمنیو تێکنەچونی پرۆسەی ئاشتی،
چەکەکانیان دژی ئەو فڕۆکانە بەکارناهێنن.
بەرەو شارەکان؛ هێنانی کولتوری بەکۆمەڵ بۆ
ناو مادیگەرایی
ئەو گەریلایانەی کە ساڵانێکی درێژ لەژینگەی
خاوێنی چیاکاندا ژیاون، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدان، جیالەوەی جەستەیان بەرگریی
پێویستی بەرامبەر ڤایرۆسو نەخۆشییەکانی شار نییە، ئەوان نیگەرانی ئەوەن چۆن تێکەڵی
دنیایەک ببن کە پارەو کێبڕکێی کار تێیدا زاڵە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، "ئێمە
ناچینە شار تا ببینە کۆیلەی پارە، بەڵکو دەچین تا کولتوری ژیانی بەکۆمەڵو یەکسانی
بەرینە ناو جەرگەی ئەنكەرەو ئامەد".
ترسی کچانی گەنج لەنەمانی پەکەکە
نوسەری ئهم ڕاپۆرتە ناوى (عیرفان ئاکتان)هو
خەڵکی ناوچەی هەکارییە، لهدرێژهى ڕاپۆرتهكهیدا ئاماژهى بهوهشكردوه، خەڵکی
ناوچەی هەکاری، سەرهڕای خۆشحاڵییان بەبێدەنگبونی چەکەکان، بەڵام هێشتا بەگومانو
وریاییەوە سەیری دۆخەکە دەکەن، کچانی گەنجی ناوچەکە لەوە دەترسن، بەنەمانی پەکەکە،
کۆنەپارێزییو کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان دوبارە بگەڕێنەوە؛ چونکە پێیانوایە، بونی
گەریلا کچەکان لەچیاکاندا لەماوەی 40 ساڵی ڕابردودا، شۆڕشێکی گەورەی لەهۆشیارییو
ئازادیی ژناندا لەکۆمەڵگەی کوردیدا دروستکردبوو.
بەربەستە کۆنکرێتییەکانی دەوڵەت؛ پەیامێکی
ناڕاستەوخۆ
لەکاتی گەشتەکەیدا لەئەستەمبوڵەوە بۆ هەکاریی،
نوسەر تێبینیکردوە، هەموو بازگە سەربازییەکانی نێوان شارو گوندە کوردییەکان (کە پێشتر
ببونە عەزابێکی ڕۆژانە بۆ خەڵک) لابراون، بەڵام ئەو بلۆکە کۆنکرێتییە زەبەلاحانەی
کە بازگەکانیان پێ پێکهێنرابوو، تێکنەدراون، بەڵکو تەنها خراونەتە لای ڕێگاکە، ئەمەش
وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆی دەوڵەت لێکدەدرێتەوە کە دەڵێت، "ئەگەر پێویست بکات،
لەماوەی یەک ڕۆژدا دەتوانین سیستمە کۆنەکە بگەڕێنینەوە".
بارودۆخی پڕ لەچەوسانەوەی دەروازەی سنوریی
(ئوزوملو)
عیرفان باسی دۆخی تراژیدیی گوندنشینە هەژارەکان
دەکات لەسەر سنوری نێوان باکورو هەرێمی کوردستان (کە گومرگ پێیان دەڵێت (مێرولەکان)،
کە بەگواستنەوەی چەند پاکەتە چایەک یان جگەرەیەک بژێوی دابیندهكهن، سێ ژنی کورد
کە خاوەنی دوو ڕهگهزنامهن، داوای لێدەکەن بەئۆتۆمبێلەکەی لەسنورەکە بیانپەڕێنێتەوە،
چونکە پۆلیسی تورکیا ڕێگەیان پێنادات بەپێ بەو مەودا 20 مەترییەدا بڕۆن، خەڵکەکە لەبیرۆکراسیو
بەرتیلوەرگرتن لەهەردولایەنی سنورەکە بێزارن، تەنانەت دەڵێن جارێک پێشمەرگە لەلایەنی
هەرێمەوە 17 کاتژمێر لەچاوەڕوانیدا ئهوانى هێشتوهتهوه.
نوسەر لەدهۆک دەچێتە ماڵی دۆستێکی کۆنی خێزانییان
بەناوی (عەلی)، ئهو دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەساڵی 1988دا، لەگەڵ هەزاران
کوردی دیکە هاوشێوەی ئاوارە ڕویان لەهەکاریی کردبوو، چەندین ساڵ لەماڵی نوسەر وەک
میوان مابونەوە، عەلی دواتر ببوە پێشمەرگەو دژی سەدام شەڕی کردبوو، لەکاتی بەڕێکردنی
نوسەردا پێی دەڵێت، "پشتیوان بەخوا ئەو چیایانەی بۆی دەچیت فێنک دەبن، بەڵام
بەئۆتۆمبێلی خۆت مەڕۆ، چونکە قەیرانی بەنزین هەیەو پەکتدەکەوێت".
گەشتەکە بەتاکسیو لۆمەکردنی ترەمپ لەلایەن
شۆفێرەکەوە
لهڕاپۆرتهكهیدا نوسەر ئاماژهى بهوهكردوه،
بەتاکسییەکی شۆفێرێکی گەنج بەناوی (دلۆڤان) بەرەو سلێمانی بەڕێدەکەوێتو لەڕێگهدا
سەرەی درێژی چەند سەد مەتریی بەنزین دەبینن، شۆفێرە گەنجەکە دەڵێت، "ترهمپ هێرشدەکاتەسەر
ئێران، بەڵام ئێمەی کورد باجەکەی دەدەین"، دیلۆڤان لەنزیک ئەشکەوتی جەسەنە دەڵێت،
"50 ساڵ خەباتی ئەوان (پەکەکە) بە با چوو، 100 ساڵ خەباتی ئێمەش (حکومەتی هەرێم)
خەریکە بە با دەچێت؛ حکومەت ناتوانێت موچە بدات، داهاتی نەوت دەچێت بۆ بەغداو بەغداش
هەموو ڕۆژێک پارچەیەکمان لێ دەپچڕێت".
یەکەمین چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان
35 ساڵ لەمەوبەر
نورەدین دەمیرتاش ئاشکرایدەکات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان
ڕێبهرى پهكهكهو گهلى كورد لهباكورى كوردستان، 35 ساڵ لەمەوبەر (لەکۆتایی هەشتاکاندا)
دەیویست خەباتی چەکداریی ڕابگرێتو ڕوبکاتە پرۆسەی ئاشتی، بەڵام لەناو تورکیادا لایەنێکی
سیاسیی بەرامبەری نەدۆزییەوە کە وەڵامی ئەرێنی بداتەوە، بۆیە پرۆسەکە شکستیهێناو چەک
تەنها وەک هۆکاری خۆپاراستن لەدژی کودەتای 12ی ئەیلولو ئەشکەنجەکانی زیندانی ئامەد
مایەوە.
