شارپرێس:
نیگەرانییەکانی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگی دژ بەئێران لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە لەهەڵکشاندایە، بەشێوەیەک بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" کە لەزاری بەرپرسانی عەرەبی و ڕۆژئاواییەوە گواستویەتیەوە، وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت و بەحرێن توشی بێئومێدییەکی زۆر بون لەسیاسەتەکانی واشنتن، بەتایبەت دوای بەردەوامیی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە بەهۆی خراپتربونی دۆخی ئاسایش، هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەستیان کردوە بەتاوتوێکردنی سودی هێشتنەوەی بنکەو دامەزراوە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتەکانیان، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێشتا بۆ دابینکردنی چەک و ئاسایش پەیڕەوی واشنتۆن دەکەن.
ئەوەش هاتوە: بەشێکی سەرەکیی نیگەرانییەکان پەیوەندیدارە بەشێوازی هەمەجۆری ترامپ لەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا؛ ناوبەناو هەڕەشەی هێرشی نوێ دەکات و دواتر پاشگەز دەبێتەوەو باسی پێشکەوتنی دانوستانەکان دەکات.
بەرپرسێکی کەنداو ئاماژەی بەوە کردووە کە "ترامپ جەنگەکەی دەستپێکرد و ئێمەش باجەکەی دەدەین"، هەروەها جەختی کردۆتەوە کە ئاستی تووڕەیی لە ئەمریکا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شاباتدا.
رۆژنامەکە هەروەک دەڵێت: لە کاردانەوەی ئەم ناروونییەدا، هەفتەی ڕابردوو سعودیە، تورکیا و پاکستان ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد. بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەوروپی ئەم هەنگاوەی بە "پەیامێک بۆ ئەمریکا" وەسف کرد بۆ جۆراوجۆرکردنی هاوبەشە ئەمنییەکان، بەپێی ئەوەی چیدی ئەمریکا بە تەنیا بەس نیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
دەشڵێت: هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو لە سەرەتای جەنگەکەوە یەکگرتوو نەبوو؛ عومان لە سەرەتاوە دژی شەڕەکە بوو، لەکاتێکدا سعودیە و ئیمارات و بەحرێن پشتگیرییان دەکرد بە هیوای سەرکەوتنێکی خێرا. بەڵام دوای دەرکەوتنی خۆڕاگریی ڕژێمی ئێران و زەحمەتی کردنەوەی گەرووی هورمز، تێڕوانینیان گۆڕا.
لە کۆتاییدا رۆژنامەکە دەڵێت کە وڵاتانی ناوچەکە لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدان؛ لەلایەک نیگەرانی جەنگەکەن و لەلایەکی ترەوە بەدیلێکی خێرایان بۆ هاوبەشییە ئەمنییەکەیان لەگەڵ واشنتۆن نییە.