شارپرێس:
لە
کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو ئاگر و پشێویدایە، هاوسەرۆکی دەم پارتی
ڕایدەگەیەنێت کە چارەسەکردنی پرسی کورد تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەتوندی هۆشداریدەدات لەوەی پڕۆسەی ئاشتی بکرێتە قوربانی "بازرگانیی
سیاسيی"و دەستکەوتی کاتیی هەڵبژاردن.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانیو دیموکراسی
گەلان (دەم پارتی)، پەردەی لەسەر چەندین پرسی هەستیارو چارەنوسساز لادا کە پەیوەستن
بەپرۆسەی ئاشتی، داهاتوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو چارەنوسی سەرکردە دەستبەسەرکراوەکانی
کورد.
بازرگانی هەڵبژاردن یان چارەسەری نیشتمانی؟
باکرهان بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە
باس لەوەدەکەن، دانوستانەکانی ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانی ئاکپارتیو مەهەپە تەنها بۆ
مەبەستی بازرگانیو دەستکەوتی هەڵبژاردن بێت.
ئەو بەتوڕەییەوە ڕایگەیاند، "مەگەر دەکرێت
سەرۆک کۆماری وڵاتێک یان سەرۆکی پارتێکی هێندە گرنگ بێتو بێت لەگەڵ ئێمەدا
بازرگانی هەڵبژاردن بکات؟ ئایا ئەم بابەتە هێندە هەرزانو سادەیە؟ ئەوانەی ئەم بۆچونە
بڵاودەکەنەوە، بیرکردنەوەیەکی زۆر ڕوکەشو هەرزانیان هەیە، دڵنیابن شتی وا بونی نییە."
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریدا: بۆچی
ئاشتی لەگەڵ کورد پێویستییە؟
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەبارودۆخی شڵەژاوی
ناوچەکە کردو ڕونیکردەوە، پرسی کورد پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ سەقامگیریی،
باکرهان بەم پرسیارە ڕەخنە لەو لایەنە تورکانە دەگرێت کە دژی پڕۆسەی ئاشتیو دیالۆگن،
ئەو دەڵێت، "لەکاتێکدا تەواوی ناوچەکە (عێراق، سوریاو ئێران) لەناو ئاگرو ناسەقامگیریدان،
زۆر ژیرانەو پێویستە کە دەوڵەتی تورکیا لەناوخۆیدا لەگەڵ کورد ئاشت ببێتەوە بۆ ئەوەی
وڵاتەکە لەمەترسییەکانی دەرەوە بپارێزێت، ڕون نییە چی لەئێران ڕودەدات، لەسوریا هێشتا
ڕژێم جێگیر نەبوەو لەعێراقیش هاوسەنگییەکان جێگهی خۆیان نەگرتوە، لەتورکیادا کێشەیەکی
100 ساڵەی کورد هەیە، کاتێک سەیری ئەو یارییە دەکەین کە هێزە ئیمپریالیستو هەرێمییەکان
دەیانەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیبەن بەڕێوە، چی تێدایە ئەگەر ههموان لەوڵاتی
خۆماندا لەگەڵ کورددا ئاشت ببینەوەو پێکەوە ڕێبکەین؟".
مانگی ئۆکتۆبەر: وەرچەرخانێکی نوێ لەپڕۆسەی
ئاشتی
باکرهان مژدەی ئەوەیدا، لەگەڵ داگیرسانی گڵۆپی
سەوزی پەرلەمان لەمانگی ئۆکتۆبەردا، هەنگاوی کۆنکرێتی ترو جدیتر دەنرێت، ئەو بە گەشبینییەوە
وتی، "ئاشتی لەهەموو شتێک گەورەترە، ئەگەر جارێک دەستیپێکرد، ڕاگرتنی مەحاڵە،
ئێمە چوینەتە قۆناغێکەوە کە ئەوەی دەستیپێکردوە ناتوانرێت ڕابگیرێت."
هیوایەک بۆ ئازادی: دەمیرتاشو یوکسەکداغ دەگەڕێنەوە؟
یەکێک لەگرنگترین تەوەرەکانی لێدوانەکەی
باکرهان، پرسی ئازادکردنی هاوسەرۆکانی پێشوتری هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاشو فیگەن
یوکسەکداغ بوو کە نزیکەی 10 ساڵە سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەزینداندان.
باکرهان جەختیکردەوە، بۆ ئازادکردنی ئەوان پێویست
بەهیچ یاسایەکی نوێ ناکات، تەنها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا بەسەو تەنانەت
دەکرێت "دوای کاتژمێرێکی دیكهش ئازادبکرێن"، ئەو هیوای خواست کە ئەم
دوو سەرکردەیە بگەنە کۆنگرەی گەورەی پارتەکە لەمانگی ئەیلولداو وتی، "ئێمە ئەو
بزوتنەوەیە نین کە هاوڕێکانمان لەناو زینداندا لەبیربکەین، پرسی ئازادکردنی سەرۆک
سەڵاحەدینو سەرۆک فیگەن، هەمیشە لەڕۆژەڤی ئێمەدایەو لەهەمانکاتدا یەکێکە لەبابەتە
سەرەکییەکانی ڕۆژەڤی سەرۆک کۆمارو هەموو دەسەڵاتدارانی دەوڵەتیش."
