شیکاریی تایبهتى شارپرێس:
لەکاتێکدا هێشتا دوکەڵی ئاگرە گەورەکەی ناوچەی تانجەڕۆ بەئاسمانی سلێمانییەوە دیارەو لایەنە فەرمییەکان هیچ ئامارێکی وردیان دەربارەی زیانەکان ڕانەگەیاندوە، شارپرێس لەشیکارییەکی مەیدانییو بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەردە لەسەر قەبارەی ئەو زیانە داراییە گەورەیە لادەبات کە بەر خاوەن کۆگاکان کەوتوە.
سوتەمەنییەکە؛ ملیارەها دینار لەچەند کاتژمێرێکدا سوتا
بهگوێرهى بەدواداچونەکانی شارپرێس، ئەو بڕە سوتەمەنییەی لەناو کۆگا، عەمبارو تانکەرەکاندا بوەو بەتەواوی سوتان، بڕەکەی سێ ملیۆنو 600 هەزار لیتر بوە.
بهگوێرهى بهدواداچونهى شارپرێس، ئەگەر تەنها بەهەرزانترین نرخی ئێستای بازاڕ کە بەنزینی نۆرماڵە (710 دینار بۆ بازرگانانو 750 بۆ شۆفێران) هەژمار بکرێت، تەنها بەهای سوتەمەنییە سوتاوەکە دەگاتە یهك ملیۆنو 692 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
ژێرخانو تانکەرەکان؛ تەقینەوەی سەرمایەکان
زیانەکان تەنها سوتەمەنییەکە نەبوو، بەڵکو تەواوی ئامێرو پێداویستییەکانی کۆگاکەش بون بەخۆڵەمێش، شیکارییەکە دەریدەخات کە زیاتر لە 16 تانکەری گواستنەوە بەتەواوی سوتاونو ههشت عەمباری شاراوەی گەورەو ژمارەیەکی زۆر عەمباری سەرزەوی تەقیونەتەوەو تێكچون، بەهای ئەم عەمبارو تانکەرانە بەزیاتر لە 500 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
کۆى گشتیی زیانەکان؛ کارەساتێکی دارایی
بهگوێرهى ئەم شیکارییە سەرەتاییەی شارپرێس، کۆی گشتیی زیانەکان (سوتەمەنی، تانکەرو عەمبارەکان) بەبێ هەژمارکردنی زیانە لاوەکییەکانی وەک (بینا، شوێنی ئیدارییو تێکچونی ژینگەی ناوچەکە)، دەگاتە نزیكهى دوو ملیۆنو 100 هەزار دۆلاری ئەمریکی (کە دەکاتە زیاتر لهسێ ملیارو 350 ملیۆن دیناری عێراقی).
ئەم ئامارە نیشانیدەدات، ئاگرەکەی تانجەڕۆ تەنها ڕوداوێکی ئاسایی نەبوە، بەڵکو گورزێکی کوشندە بوو لەکەرتی بازرگانیی سوتەمەنی لەناوچەکەداو کۆژانێکی دارایی گەورەی بۆ خاوەن کۆگاکان لەدوای خۆی جێهێشتوە.
