سوریا شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌ به‌هۆى وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم عه‌بدى ده‌ستگیرده‌كات‌و فه‌رمانده‌یه‌كى عه‌ره‌بى هه‌سه‌ده‌ش هۆشداریده‌دات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی توندو پڕ لەناڕەزایەتیدا، ئەبو عومەر ئیدلیبی كه‌ یەکێکە لەفەرماندە سەربازییە دیارەکانی ناو ڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و نوێنەرایەتی یەکێک لەپێکهاتە عەرەبییە گرنگەکان دەکات لەناو ئەو هێزەدا پەردەی لەسەر زنجیرەیەک پێشێلکاریی دەزگا ئەمنییەکان لاداو هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دەستگیرکردنی شه‌ڕڤانانى (هەسەدە) بەبیانوی بێبنەما، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر پرۆسەی یەکگرتنەوەی نیشتمانی‌و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.

وێنەیەک بوەتە تاوان
ئیدلیبی ئاماژەی بەنمونەیەکی "سەیرو گاڵتەجاڕانە" کردوەو دەڵێت، "جێگەی سەرسوڕمانە تۆمەتی یەکێک لەدەستگیرکراوەکان تەنها ئەوەبێت کە وێنەیەکی لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی گرتوە؛ وەک ئەوەی وێنەگرتن بوبێتە تاوانێک کە یاسا سزای لەسەر دابنێت، ئەمجۆرە مامەڵەیەی دەزگا ئەمنییەکان، نەک هەر نایاساییە، بەڵکو سوکایەتیکردنە بەوکەسانەی کە دەیانەوێت لەناو چوارچێوەی نیشتمانیدا یەکبگرنەوە".

هەڵوەشاندنەوەی متمانەو ڕێککەوتنەکان
ئەبو عومەر ئیدلیبی جەختیکردەوە، "ئەم دەستگیرکردنە هەڕەمەکییانەو فشار دروستکردن بۆ سەرانە سەندن، تەواوی بنەما یاساییەکانی پرۆسەی یەکگرتنەوەو تێکەڵبونی هێزەکان لەناودەبات، ناتوانین باس لەیەکگرتنەوەیەکی نیشتمانی بکەین، لەکاتێکدا هەندێک دەزگای ئەمنی سزای تاکەکان دەدەن لەسەر پەیوەندییە کۆنەکانیان یان وێنە شەخسییەکانیان".

داواکارییەکان: دادپەروەری نەک تۆقاندن
لەپەیامەکەیدا، ئیدلیبی داوایەکی بەپەلەو توندی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ کۆتاییهێنان بەو سەرپێچییانەو ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو ئەوکەسانەی هیچ تاوانێکیان نەکردوە، لێپرسینەوەو سزادانی هەموو ئەوکەسانەی کە دەسەڵاتی خۆیان بۆ فشارو دەستبەسەرداگرتن بەکاردەهێنن، له‌گه‌ڵ تێگەیشتن لەوەی کە "متمانە" لەڕێگەی زیندان‌و تۆقاندنەوە دروستنابێت، بەڵکو تەنها لەڕێگەی سەروەریی یاسا، دادپەروەریی‌و ڕێزگرتن لەڕێککەوتنەکانەوە بونیاد دەنرێت".

به‌گوێره‌ى ئەو لێدوانانەی ئەبو عومەر ئیدلیبی (کە فەرماندەی لیوای باكورى دیموكراتى ، شیمال الدیمقراگی)یە لەناو هەسەدەدا، ئەم ڕوداوانە زیاتر لەو ناوچانە ڕویانداوه‌ کە هەماهەنگی یان تێکهەڵچونی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سوریا (دیمەشق) تێدایە، به‌تایبه‌ت له‌شاری حەلەب (گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفییە).

زۆربەی ئەم کێشانە لەحەلەب ڕودەدەن، گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفییە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان، بەڵام دەوروبەریان‌و ڕێگه‌کانی چونە دەرەوەیان لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سوریادایە، ئەندامانی هەسەدە یان ئەو شەڕڤانانەی لەوێ نیشتەجێن، کاتێک دەچنە ناوجەرگەی شاری حەلەب بۆ کاروباری مەدەنی یان تەندروستیی، لەبازگە ئەمنییەکان دەستگیردەکرێن.

چوارگۆشە ئەمنییەکانی قامیشلۆو حەسەکە
لەناوجەرگەی هەردوو شاری قامیشلۆو حەسەکەدا، حکومەتی سوریا ناوچەیەکی بچوکی لەژێر دەستدایە کە پێی دەوترێت "چوارگۆشەی ئەمنی"، کاتێک شەڕڤانان یان کارمەندانی سەر بەڕێوه‌بەری خۆجێی بەهەڵە یان بۆ مەبەستێک دەچنە ئەو سنورە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیردەکرێن.

ڕێگه‌کانی نێوان حەلەب‌و باکوری سوریا
ئەو شەڕڤانانەی کە لەناوچەکانی دیكه‌ى وەک (ڕەققە یان مەنبه‌ج)ەوە دەچن بەرەو حەلەب یان بەپێچەوانەوە، لەبازگە ئەمنییەکانی سوپای سوریا لەسەر ڕێگه‌کان ڕوبەڕوی دەستگیرکردن‌و لێپێچینەوە دەبنەوە، وه‌كو فه‌رمانده‌كه‌ى هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت، "زۆربەی شەڕڤانەکانی كه‌ ئه‌و خەڵکی ئیدلیب‌و باکوری سوریان‌و لەناو هەسەدەدان، ئەمانە لەچوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتنەوەی نیشتمانیدا هەوڵیاندەدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات لەسوریا ئاسایی بکەنەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی دیمەشق وەک تاوانبار سەیریان دەکەن‌و لەسەر وێنەیەک یان پەیوەندییەکی کۆن دەستگیریان دەکەن".

لەسەرەتای شۆڕشی سوریاوە ئیدلیبى بەشداربوە، بەڵام دوای ئەوەی گروپە توندڕەوەکانی وەک (بەرەی نوسرەو تەحریر شام) دەستیان بەسەر ئیدلیبدا گرت، ئەوو هێزەکەی ڕویان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردو لەساڵی 2014شه‌وه‌ بونەته‌ بەشێک لەو هێزەو بەشدارییەکی سەرەکییان هەبوە لەشەڕەکانی دژی داعش لەڕەققەو دێرەزور، هەروەها لەشەڕی عەفرین‌و ناوچەکانی دیكه‌ش لەتەک یەپەگەو یەپەژە جەنگاون.

ئیدلیبی وەک دەنگێکی عەرەبی لایەنگری دیموکراسی‌و پێکەوەژیان لەناو هەسەدە دەردەکەوێت، ئەو هەمیشە جەخت لەسەر سوریایەکی دیموکراتی‌و نا ناوەندیی دەکاتەوە، هێزەکەی ئەو (لیوای باکوری دیموکرات) زیاتر لەناوچەکانی حەلەب‌و هێڵەکانی تەماس لەگەڵ سوپای سوریا جێگیرن، ئەو لێدوانانەی ئەمدواییەشی کە باسی "دەستگیرکردنی شەڕڤانان" دەکات، ئاماژەیە بۆ ئەو فشارانەی کە دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی سوریا دەیخەنەسەر شەڕڤانە عەرەبەکانی ناو هەسەدە بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ژێر باڵی دیمەشق یان تۆڵەکردنەوە لێیان.

بەپەلە