ئێران دوا په‌یامى خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ عێراق.. قالیباف به‌په‌له‌ خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی په‌رله‌مانى ئێران، سبه‌ینێ چوارشەممە دەگاتە شارى بەغدا، ده‌شڵێت، "قالیباف ژماره‌یه‌ك دیدارو کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵاو کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق ئه‌نجامده‌دات".


ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ قسه‌ى بۆ ئاژانسی شه‌فه‌ق نیوز كردوه‌و وتویه‌تى، "سەردانەکە چەندین دۆسیەی سیاسیی، ئەمنیی‌و ئابوریی لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان پرسی ڕێگەدانە بەعێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی لەڕێگەی گەروی هورمزەوە، لەسایەی ئەو پەرەسەندنانەی ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت".

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی سەرچاوەکە، وەفدە ئێرانییەکە دۆسیەی كۆكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنى چەکی گروپە چەکدارەکانی عێراق لەدەستی دەوڵەتدا تاووتوێدەکات، هاوکات ڕوانگەی تاران دەربارەی ئەم دۆسیەیەو هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو ڕێکارانەی بەغدا لەم ئاراستەیەدا دەیانگرێتەبەر، دەگەیەنێت، هەروەها گفتوگۆکان تیشکدەخەنەسەر مەترسییەکانی ئێران لەئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەناوچەکەو کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق‌و ئێران.

دۆسیەی گروپە چەکدارەکان یەکێکە لەهەستیارترین پرسەکانی بەردەم حکومەتی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی 30ی ئەیلول کە هێزە سیاسییە سەرەکییەکان وەک دوا وادە بۆ كۆكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی دەوڵەتدا دیاریانکردوە.

هاوپه‌یمانى ئیدارەی دەوڵەت کە لایەنە شیعە، سوننەو کورد لەخۆدەگرێت، پێشتر هۆشداریدابوو، دوای ئەم وادەیە، هەر چالاکییەکی چەکداریی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، به‌گوێره‌ى یاسای دژە تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

هەفتەی ڕابردوو بەغدا چەند کاتژمێرێکی پڕ لەگرژیی ئەمنی بەخۆوە بینی بەهۆی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی سعودیە پاش هێرش بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی؛ بەڵام دوای دیدارێکی بەرەبەیانی نێوان عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران‌و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، دۆخەکە هێورکرایەوە، عامری داوای لەگرووپەکان کرد وەڵامی سەربازیی دوابخەن‌و بەرژەوەندیی باڵای عێراق لەبەرچاوبگرن.

سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت، پلانی كۆنترۆڵكردنى چەک ڕوبەڕوی دابەشبونی هەڵوێست بوەتەوە؛ لەکاتێکدا هەندێک لایەن ئامادەییان نیشانداوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت، گروپەکانی وەک (کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەباو کەتائیبی سەیدولشوهەدا) ڕەتیدەکەنەوە چەک دابنێن‌و داماڵینی چەکەکانیان دەبەستنەوە بەچونەدەرەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لەعێراق.

وادەی 30ی ئەیلول تەنها بۆ پرسی چەک نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق، کە ئەوەش وەک مەرجێکی سەرەکی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەکاردەهێنرێت.

بەپەلە