چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق پشتیوانی خۆیان بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە ڕاگەیاند

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژی دووشەممە چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە بەغدا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، كە هەریەك لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عێراق و عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەبوون، بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەكان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێك ئامادەبووان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەكانی حكومەت دووپاتكردەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە وزارییەكەی بە شێوەیەك كە خواستی هاووڵاتیان بۆ باشتركردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەكان بەدیبێنێت، ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵات بەرزبكاتەوە، هەروەها دڵنیایی لە باشتركردنی ئەدای دامودەزگاكانی دەوڵەت و بەدیهێنانی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان بدات.

ئامادەبووان باسیان لە ڕێگاكانی بەهێزكردنی دۆخی ئابوری وڵات و ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا كرد، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دابەزینی داهاتی وڵاتەوە هەیە بەهۆی كاردانەوەكانی شەڕی ناوچەكە و داخستنی گەرووی هورمز. جەختیان لە گرنگی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی داهاتی نیشتمانی و بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكان و باشتركردنی ئاستی بەڕێوەبردنی دارایی بۆ بەرزكردنەوەی توانای ئابوری عێراق بۆ بەرگەگرتنی قەیرانەكان كردەوە.

هەروەها پێویستی كۆنترۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەت و پابەندبوون بەم پرەنسیپە وەك بنەڕەتی چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەری یاسا، بەتایبەتی دوای دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دووپاتكرایەوە. جەختیان لە بەهێزكردن و پەرەپێدانی تواناكانی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە سەرجەم پێكهاتەكانیاندا كرد هەروەها بتوانن ئەركەكانی خۆیان لە پاراستنی وڵات و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان بەجێ بێنن.

سەرۆكایەتییەكان پابەندی بەردەوامی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزكردنی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لەو كەسانەی دەستیان لە دۆسییەكانی گەندەڵیدا دووپاتكردەوە.

سەبارەت بە پێشهاتە ناوچەییەكان، ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی كاركردن بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانەكانی ناوچەكە و كەمكردنەوەی گرژییەكان كردەوە. باسیان لە گرنگی پشتیوانی دیالۆگ و دیپلۆماسی لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە كرد. ئەوان هەڵوێستی عێراقیان دووپاتكردەوە كە بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هەر لایەنێك یان بۆ دەستپێكردنی هەر كارێكی دوژمنكارانە لە خاكەكەیەوە ڕێگاپێدراو نییە. هەروەها ڕەتیانكردەوە كە خاكی عێراق بكەنە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەمەش سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەپارێزێت و گەلەكەی لە كاردانەوەی قەیرانەكانی دەوروبەری دەپارێزێت.