شارپرێس:
وابڕیارە ئێوارەی ئەمرۆ دوشەممە کۆبونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و بژاردەکانی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی ڕەتیدەکەنەوە دوای وادەی 30ی ئەیلولی داهاتوو چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، جەخت لەسەر دوو تەوەر دەکاتەوە کە یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی چەکەو دوەمیشیان بەردەوامییدانە بەپرۆسەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەبێ بوونی هیچ هێڵێکی سوور بۆ سزادانی تۆمەتباران.
جگە لەوەش تاوتوێی دۆخی ئابووریی و ئەو قەیرانە داراییە مەترسیدارە دەکرێت کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناغی داهاتوو.
دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکان لەلایەن حکومەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 30ی ئەیلوول کە لەلایەن لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانەوە وەک دوا دەرفەت دیاریکراوە.
شایەنی باسە لە ئەیلوولی 2024 عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی واشنتۆن، تاوەکو پەیوەندییە ئەمنییەکان بگۆڕدرێن بۆ هاوبەشیی دوانەیی نێوان هەردوو وڵات.